پارتییەکانی ڕیفراندۆم لێبوردنیان بۆ دەکرا

  2025-01-24  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەو بەرپرسە ئەمنی و ئیدارییانەی لەسنوری پارێزگای کەرکوک بەشدارییان لەڕیفراندۆمی 2017 کردبوو لێبوردنیان بۆ دەرکرا، ئەمە لەکاتێکدا ماوەی حەوت ساڵ و نیوە بەرپرسانی پارتی لەهەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەو سزایەی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆیان دەرکرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاگەیاند لەچوارچێوەی ئەو یاسا لێبوردنەی لەبەرژەوەندی سوننەکان لەپەرلەمانی عێراق تێپەڕی سەرجەم ئەو بەرپرسە ئەمنی و ئیدارییانەی سنوری ناوچە کێشە لەسەرەکانیش ئەو سزایەیان لەسەر لادەچێت کە بەبۆنەی بەشداریکردن لەڕیفراندۆم بەسەریاندا سەپابوو.

زۆرینەی ئەو بەرپرسە کوردانە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن، ماوەی حەوت ساڵ و نیو بەرپرسانی پارتی لەبەغدا نەیتوانی کێشەکانیان چارەسەربکەن کە بەبۆنەی ڕیفراندۆمە بەسەریانهات و هەندێکیان بە غیابی حوکمدراون.

ئەم بەرپرسە ئەمنی و ئیداریانە ژمارەیان لەسەرو هەزار کەس دەبن  پلەدارن و سەر بەوەزارەتس ناوخۆن و زۆرینەی هەرە زۆریان پارتین.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پارتی لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو نەیتوانی کێشەکانیان چارەسەر بکات ئێستا وەک تاوانبارێک لێبوردنی گشتییان بۆ دەرچووە، لەکاتێکدا وەک خۆیان دەڵێن ئەرکی نیشتیمانییان جێ بەجێ کردووە. 

لەلایەکی ترەوە پارتی دژی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوک وەستاوەتەوەو بەنایاسایی لەقەڵەمئەداو بەم بۆنەیەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەڕێگەی بەیاننامەوە وەڵامی یەک دەدەنەوە. 

بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکە وتی : ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیدیاکانەوە قسە دەکات دژی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک وەستاتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە هەردوێنێ پارتی  بنکەی پۆلیسی قەرەنجیری وەرگرت و ئیتر لەلایەن عەقید فەرەیدون جەبارییەوە بەڕێوەدەبرێ کە لەئێستادا پۆل پۆل بەرپرسانی پارتی دەچن بۆ بنکەکەو پیرۆزبایی لێ دەکەن.

سەرچاوە؛ وێستگەنیوز