پۆلیسی سلێمانی هۆکاری رووداوەکەی گوندی گرێزە ئاشکرا دەکات

  2025-03-20  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی سلێمانی لەسەر رووداوەکەی گوندی گرێزەی سنوری سەید سادق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس دەرکەوت کە بەھۆی کێشەی خێزانییەوە رووداوەکە روویداوە".

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: دوای ئەوەی کاتژمێر ١١:١٠ خولەکی شەوی ڕابردوو (٢٠٢٥/٣/١٩) هێزەکانی پۆلیس ئاگادار کرانەوە لەڕووداوێکی تەقەکردن لەماڵێکی گوندی گرێزەی سەر بەقەزای سەیدسادق، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس دەرکەوت کە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە یەکێک لەئەندامانی خێزانەکە بەناوی (بەشیر سالار محمد لەدایکبووی ١٩٩٨) بەچەکی جۆری کڵاشینکۆف دەستڕێژی لەئەندامانی خێزانەکەی کردووە کە پێکهاتوون لەباوک‌و دایکی‌و دوو خوشک‌و برایەکی کوشتووە، دواتر خۆشی کوشتووە.

ئاماژەی بەوەشداوە: لەلایەن تیمەکانی بەڵگەی تاوانەوە کەشف‌و هێڵکاری بۆ شوێنی ڕووداوەکە ئەنجامدراو سەرجەم بەڵگەکان کۆکرانەوەو دەستبەر ئەو چەکەدا گیرا کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە، هەروەها تەرمەکان بۆ پزیشکی دادوەری گواسترانەوە.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە: بەبڕیاری بەڕێز دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوەو لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری ڕووداوەکە.

کوژراوەکان پێکهاتووە لە:
سالار محمد عەبدولکەریم لەدایکبووی ١٩٧٠
نیهاد قادر ساڵح لەدایکبووی ١٩٧٥
سیما سالار محمد لەدایکبووی ٢٠٠٥
سەهەند سالار محمد لەدایکبووی ٢٠١٥
یارا سالار محمد لەدایکبووی ٢٠١٨
بەشیر سالار محمد لەدایکبووی ١٩٩٨ (بکوژ)