سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبۆنەی یادی 37 ساڵەی تاوانی ئەنفال دەڵێت، "داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکەین ئەرکی خۆیان بەرامبەر کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان جێبەجێبکەن".
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ خەمەوە یادی ٣٧ ساڵەی کارەساتی ئەنفال دەکەینەوە کە یەکێکە لە سامناکترین و دڕندانەترین مەرامەکانی رژێمی پێشووی عیراق بۆ سڕینەوەی گەلی کورد.
ئاماژەی بەوەشداوە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکەین ئەرکی خۆیان بەرامبەر کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان جێبەجێبکەن و لە هەموو رووەکانەوە قەرەبوویان بکەنەوە، چونکە ئەرکی سەرشانی هەموولایەکە گوێ لە داواکارییە رەواکانیان بگرن و جێبەجێیان بکەن.
باسی لەوەشکردوە، ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دەیکەین تاوەکو ژیانێکی شایستەتریان بۆ دابینبکەین و بەڵێن دەدەین رۆڵەیەکی بە وەفا دەبین بۆیان، چونکە ئازاری ئەوان، ئازاری ئێمەشە.
سەرۆکی یەکێتی جەخت لەوە دەکاتەوە، هەوڵەکانمان لە پرۆسەی گەڕان بەدوای رووفاتی شەهیدان و گێڕانەوەیان بۆ نیشتمان بەردەوامە تاوەکو کەمێک برینی قوڵی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان ساڕێژبێت کە برینی سەر دڵی هەموومانە.
هێمای بۆ ئەوەشکردوە، لەم یادە بە ئازارەدا جەخت لە یەکڕیزیی و پێکەوەیی هەموو لایەنەکان دەکەینەوە تاوەکو رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە و بگەینە ئامانجەکانمان کە سەرەکیترینیان خزمەتکردنی هاوڵاتییانی خۆشەویستی کوردستانە.
لە کۆتایدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت: دروود بۆ رۆحی گشت شەھیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان و سڵاو لە کەسوکارە سەربەرزەکانیان.