بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، " ئێمە بە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان چووینە بەغدا و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆمانکرد ".
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، " لێکتێگەیشتنی نوێی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوو و سەرۆک بافڵ وتی، ئێمە بە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان چووینە بەغدا و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆمانکرد بۆ گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ناردنی مووچە، چونکە مووچەخۆران لە دۆخێکی سەختدان، ئێستاش کە کاتی جێبەجێکردنیەتی هیوادارم هیچ لەمپەرێک دروستنەکرێت، هەروەها لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە".
ئاماژە بەوەشدراوە، " لە کۆبوونەوەکەدابافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕوای بە سیاسەتی چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە هەیە و هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی مووچەخۆرانە".