بەهۆی ناردنی بڕێکی زۆر پارەی تاک هەزاریی لەو ١٢٠ ملیار دینارەی کە حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ناردنی موچەی مانگی پێنج دا ڕەوانەی عێراقی کرد، دوو کارمەندی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان سزادران و بڕیاری گواستنەوەیان بۆ دەرکراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: لەو 120 ملیار دینارەی کە حکومەتی هەرێم ڕەوانەی عێراقی کرد، بڕی دوو ملیار دیناری پارەی وردە و تاک هەزاری بووە.
سەرچاوەکە دەشڵێت: لەو دوو ملیار تاک دینارییە، بڕی ملیارێک و 600 هەزار دیناری لە داهاتی دەروازەی نێو دەوڵەتی پەروێزخان بووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، لەبەرامبەر وەرگرتنی پارەی وردە و تاک هەزاریی و دروستبوونی هەڵا لەسەر ناردنی بۆ عێراق، بڕیاری سزادان و گواستنەوە بۆ دوو کارمەندی دەروازەی پەروێزخان دەرچووە کە تۆمەتبار کراون بەوەی ئەوان بەرپرسن لە وەرگرتنی ئەو بڕە زۆرە لە پارەی تاک هەزاریی لە بازرگانەکان بۆ راییکردنی گومرک و مامەڵەی دیکە لە دەروازەکە.
سەرچاوە: پەنجەرە