هاتوچۆی سلێمانی: ‏‎نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ بەشی مۆڵەت کارا دەکرێت

  1     کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
‏‎بەئامانجی کەمکردنەوەی لۆدو قەرەباڵغی و ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان بەشێوەیەکی سەردەمییانەو ئاسان لە هەنگاوێکی نوێدا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی سەردانکردنی بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی دەکات بەشێوەی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی.

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند: کەسی سەردانیکەر رۆژانی شەممە سەردانی ماڵپەڕی هاتووچۆی سلیمانی دەکات و رۆژێک لەو هەفتەیەی دادێت هەڵدەبژێرێت و خۆی تۆمار دەکات بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکەی.

ئاماژەی بەوەشداوە: هەنگاوەکان بەشێوەیەکی پراکتیکی و تیۆری دانراون لە ماڵپەڕەکەدا، ئەم کارە دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت سەردانی بەشی مۆڵەت بکەن بەمەرجێک دڵنیابێتەوە لەو رۆژەی کە نۆرەی تیادا گرتووە لەو رۆژەدا سەردان بکات، سیستەمەکە بە شێوەیەک بەرنامەڕێژی بۆکراوە کە تەنها ئەو کەسەی نۆرەکە دەگرێت دەتوانێت سەردان بکات، لەبەرئەوەی لە سیستەمەکەدا تایبەتمەندی ناسینەوەی کەسی هەیە.

باسی لەوەشکردوە: سیستەمی نۆرەگرتن هەفتانە یەک جار لە رۆژی شەممان لەکاتژمێر (۷) حەوتی ئێوارە چالاک دەبێ و  ئەم خزمەتگوزارییە لە سەرەتادا بەشێوەیەکی ئەزموونی کاری لەسەر دەکرێت و لە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕێگەی ماڵپەڕو سۆشیال میدیا فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادار دەکرێن. 

‏‎چۆنیەتی نۆرەگرتن و هەنگاوەکان:
١. ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی دەکەیتەوە
٢. کلیک لە بەشی نۆرەگرتنی بەشی مۆڵەت دەکەیت
٣. بەشی یەکەم ناوی سیانی پێویستە بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێت، ژمارەی تەلەفوون، لەبەشی وێنەی کەسی وێنەیەکی رووبەڕووی کەسی سەردانیکەر دەگیرێت. 
٤. بەشی دووەم دیاریکردنی ئەو رۆژەی ئەتەوێت سەردان بکەیت
٥. داواکاری پێشکەش دەکەیت و دواتر فۆرمێکت پێ دەدرێت دەتوانیت وێنەی شاشەکە بگریت (سکرین شووت) یان دەتوانیت پرنتی بکەیت
٦. وێنەی کەسی و کیوئارکۆدی تایبەت بەداواکاری کەسەکە پێویستە لەسەر فۆرمەکە ھەبێت، لەکاتی سەردانیکردن لە ڕێگەی ئامێری خوێنەرەوە داتاو زانیاری کەسەکە پشت ڕاست دەکرێتەوە و دواتر هاوڵاتییەکەدەتوانێت سەردانی بەشی مۆڵەت بکات بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکەی.


ڕیکلام