حەلبوسی: با هەڵبژاردنی پێشوەختە پێش ئەو وادەیە بكرێت كە دیاریكراوە

  2020-08-01  | 
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوایكرد، هەڵبژاردنی پێشوەختە زووتر بكرێت لەو وادەیەی کە دیاریکراوە لە لایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە .

حەلبوسی ئەمرۆ شەممە لە تویتێكدا لە تۆِری كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە " داوا دەكەین هەڵبژاردن زووتر لەو وادەیە بكرێت كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە دیاریكراوە ".

حەلبوسی وتی" حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بە هیچ شێوەیەك پرۆگرامی پێشكەشكراوی خۆیان جێبەجێ نەكردووە و لەو دێڕانە تێپەڕی نەكردووە كە نوسراون ".

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەردەوامی خۆپیشاندانەكان بەهۆی كەمی خزمەتگوزارییەكان و نەمانی بنەماسەرەكییەكانی ژیانەوەیە .

لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، بەگوێرەی مادەی 64 و لەسەر داوای دوولەسەر سێ ئەندامەكانی، پەرلەمان، یان داوای سەرۆك وەزیران و بەڕەزامەندی سەرۆك كۆمار بە زۆرینەی ڕەها هەڵدەوەشێتەوە .

ڕوونیشیكردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەك لەكاتی لێپرسینەوە لەسەرۆك وەزیران ناتوانرێت پەرلەمان هەڵوەشێنرێتەوە .

لە كۆتایی وتەكانیدا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، سەرۆك كۆمار داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دەكات لە وڵاتدا لە ماوەی 60 ڕۆژ لە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، ئەو كاتەش ئەنجومەنی وەزیران بەهەڵوەشاوە دادەنرێت و تەنها كارەكانی ڕۆژانە بەڕێ دەكات .

ئەو لێدوانەی سەرۆكی پەرلەمان لەكاتێكدایە، شەوی ڕابردوو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ی دیاریکرد، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە .

دواتریش لەڕاگەیەندراوێکدا نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە (یۆنامی) لە عێراق، پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەكەی كازمی دەربڕی و رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختە کلیلی داواکارییەکانی شەقامە لە هەنگاونان بەرەو ئارامی و دیموکراسیی تۆکمەتر لە عێراقدا .



ڕیکلام