مانگی سوری عێراقی رایگەیاند، 10 هاوڵاتی عێراقی لەئەنجامی تەقینەوەكانی بەیروت برینداربون، حكومەتی عێراق تیمێكی پزیشكی لەگەڵ هاوكاری تەندروستی رەوانەی لوبنان دەكات .
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تیمێكی پزیشكی تایبەتی نەشتەرگەریان پێكهێناوە بۆئەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لەكەلوپەل و پێداویستی تەندروستیدا رەوانەی لوبنانی بكەن بەمەبەستی هاوكاریكردنی تیمی پزیشكی ئەو وڵاتە لە چارەسەركردنی بریندارانی تەقینەوەكەی بەیروت .
هاوكات مانگی سوری عێراقی رایگەیاند، 10 هاوڵاتی عێراقی لەئەنجامی تەقینەوەكەی بەیروت برینداربون و داواشی لەهاوڵاتیان كردوە كە زیانیان پێگەیشتوە پەیوەندیان پیوە بكەن بۆئەوەی هاوكاری تەندروستیان پێشكەش بكەن .
لەئەنجامی تەقینەوەكەی دوێنێی بەیروت، زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە سێ هەزار كەسی دیكەش برینداربون .