بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، ١٣٥ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەوە و کۆی گشتی چاکبووانی کۆرۆنا لە پارێزگاکە گەیشتە ٧٩٥ کەس.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە ١٥ی٨ی٢٠٢٠، ١٣٥ تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دوای وەرگرتنی جارەسەری پزیشکی بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ ئەو ١٣٥ تووشبووە کراوە تا ئەو کاتەی کە ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەرچووە و دواتر بڕیاردراوە بنێردرێنەوە ماڵەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک راشیگەیاند، بە چاکبوونەوەی ئەو ژمارەیە، کۆی گشتی چاکبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە ٧٩٥ کەس و لە ئێستادا ٨٨٠ تووشبووی لە نەخۆشخانە ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٢٠ هەزار و ٦٦٠ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٧٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٢١ تووشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.