سۆرانی  |  بادینی  |  English      

حكومەتی هەرێم بڕێك پارە وەك هاندان دەبەخشێتە كارمەندانی تەندروستی

  2020-08-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند بە بڕیاری سەرۆكی حكومەت پاداشتی ئەو كەسانە دەكرێت كە لە هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنادا بەشداریان كردووە.

سامان بەرزنجی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆكی حكومەت ئەو پزیشك و كارمەندانەی تەندروستی لە هەرێم كە لە پێشەنگی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنادابوون پلەی وەزیفیان پلەیەك دەچێتە پێشەوە.

ئەوەشی راگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رووی مەعنەوی و ماددیەوە پشتیوانی وەزارەتەكەی كردووە و دەشڵێت، ئەو پاداشتی هاندانەی سەرۆكی حكومەت هەریەكە لە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەگرێتەوە كە لە تیمەكانی پشكنین  و خۆپارێزی و فریاگوزاری خێرا و چارەسەری و بەدواداچوونی حاڵەتەكان دەگرێتەوە. 

بەرزنجی وتیشی، ئەو بڕە هاندانە لە رۆژی یەك شەممەوە 23ی ئاب دابەشدەكرێت بەسەر سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە تەندروستیەكانەوە و بە گوێرەی پۆلێنكردنی ئەو كەسانەی كە زۆرترین كاریان كردووە.