داقوق.. لەهێرشێکی داعشدا بۆسەر خاڵێکی پشکنین چوار پۆلیس کوژران

  2020-08-24  | 
کەرکوک
لەهێرشێکی داعشدا بۆسەر خاڵێکی پشکنین لە داقوق چوار پۆلیس کوژران
ئەرشیڤ
 سۆران عەبدولکەریم
لەهێرشێکی چەکدارانی داعشدا بۆسەر خاڵێکی پشکنین لە بازگەیەکی باشوری داقوق چوار کارمەندی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق کوژران و چواری دیکەش برینداربوون.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، کاتژمێر 9ی ئەمشەو، چەند چەکدارێکی داعش هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی لە بازگەی باشوری داقوق لەسەر رێگای گوندی عەرەب کۆیی.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئەنجامی ئەو هێرشە چوار کارمەندی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکانی کەرکوک کراون .

لەوبارەیەشەوە، بەسام محەمەد لێپرسراوی ڕاگەیاندنی هێزکانی پۆلیسی فیدڕاڵی لەکەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیان-ی راگەیاند، بەدەستڕێژی گولڵە هێرش کراوەتە سەر ئەو خاڵە ولەئەنجامدا چوار کارمەند کوژراون و دوای هێرشەکەش هێزە عێراقییەکان ڕێگای نێوان داقوق- کەرکوکیان داخستووە.

لە چەند مانگی رابردوودا، کردەوە توندوتیژییەکان لەسنوری داقوق زیادیان کردووە و زۆربەی ئەو هێرشانەش بۆ سەر گوندە کاکەیی نشینەکان بوون، کە بوونەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو گوندنشینانە لەبەر مەترسی داعش، ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.



ڕیکلام