قەرەتەپە.. چەکدارانی داعش سێ کەسیان ڕفاند

  2020-08-24  | 
گەرمیان
چەکدارانی داعش سێ کەسیان لە قەرەتەپە ڕفاند
ئەرشیڤ
 هێمن میروەیس
لە گوندی سەفسافەی سەر بەناحیەی قەرەتەپە، چەکدارانی داعش سێ کەسیان ڕفاند.

محەمەد حاجی عومەر لێپرسراوی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بەتۆڕی (ھەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند، کاتژمێر  ١٠ی ئەمشەو، چەکدارانی داعش پەلاماری گوندی سەفسافەی سەر بەناحیەی قەرەتەپەیان داوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوابەدوای هێرشەکە ھاوڵاتیانی گوندەکە ڕوبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەتەوە و لەئەنجامدا ھاوڵاتییەک برینداربووە و سێ کەسی دیکەش لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەدیل گیران و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.

وتیشی، ئەو کەسانەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەدیل گیراون، بەڕەگەز عەرەبن.

لێپرسراوی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتیی راشیگەیاند، دانیشتوانی ئەو گوندانە کورد و عەرەبن و تا ئێستا ھیچ ھێزێکی عێراقی نەھاتووە بەھانای دانیشتوانی گوندەکەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە هەر ئەمشەو، چەند چەکدارێکی داعش، هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی لە بازگەی باشوری داقوق لەسەر رێگای گوندی عەرەب کۆیی و لەئەنجامی هێرشەکەش چوار کارمەندی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق کوژران و چواری دیکەش برینداربوون.



ڕیکلام