لیبیا بڕیاریدا دەست بكاتەوە بە وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە وڵاتەكە و بەڵێنی ئەوەش دەدرێت داهاتی ئەو نەوتە نەدرێتە گروپەچەكدارەكانی نزیك لە توركیا.
خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا، دوای ئەوەی شاری سێرتی لە وڵاتەكە كۆنتڕۆڵكردبوویەوە كا ناوەندی هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەیە، دەستی بە ئامادەكاری كردبوو بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی وڵاتەكە و دوێنێت دەستكردنەوە بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنەوەی نەوتی راگەیاند.
فەرماندەی سوپای نیشتیمانی لیبیا كە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەیە، رایگەیاند دامەزراوە نەوتییەكان دەستبەكارەكانیان دەكەنەوە بە مەرجی دابەشكردنی دادوەرانەی داهاتەكانیان و بەكارنەهێنانی لە هاوكاریكردنی گرووپە چەكدارە دوورەپەرێزەكان.
لیبیا كە ماوەی ساڵێكە بەدەست شەڕی ناوخۆوە دەناڵێنێت بووەتە دووبەرە كە هێزەكانی سوپای نیشتیمانی لە بەرەی رۆژهەڵاتی وڵاتەكەن و خەلیفە حەفتەر سەرۆكایەتیان دەكات و میسر و چەند وڵاتێكی دیكە پشتیوانیان دەكەن، ناوچەكە زۆرینەی بەرهەمە نەوتیەكانی وڵاتەكە لە خۆی دەگرێت.
هاوكات لەبەرەكەی دیكە حكومەتی ویفاقی نیشتیمانی كە حكومەتی دانپێدانراوی وڵاتەكەیە و لە بەرەی رۆژئاوای وڵاتن و توركیا و چەند وڵاتێكی دیكە پشتیوانی دەكەن.
لە گوتارێكی تەلەڤزیۆنیدا لە نوسینگەكەی خۆی لە شاری بنغازی، خەلیفە حەفتەر رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخە خراپەی ژیان و گوزەرانی خەڵكی لیبیا كە پێیدا تێپەڕدەبن، بڕیاردرا بە دەستكردنەوە بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنەوەی نەوت.
ئەو مەرجی خۆیانی بۆ دابەشكردنی داهاتی نەوت بەسەر خەڵكی لیبیا راگەیاند كە رێگەنادەن بە بەكارهێنانی ئەو داهاتانە بۆ هاوكاریكردنی گرووپە چەكدارە دوورە پەرێزەكان.
لە رۆژی 2ی ئاب رابردوودا هەردوو لایەنی شەڕەكە ئاگربەست و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتییان راگەیاند و نەتەوە یەكگرتووەكان پێشوازی لە بڕیارەكە كرد.