وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٣٩ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ئەوەش بۆ یەکەمجارە لەو وڵاتە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ئەو ژمارە زۆرە لە شەو و ڕۆژێکدا بە ڤایرۆسەکە گیان لەدەستدەدەن.
سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا چوار هەزار و ١٩ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش هەزار و ٨٢٠ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ٢٣٩ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی مردووانی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٢٧ هەزار و ٦٥٨ کەس.
ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی تەندروستی ٢٨ پارێزگای ئێران سوورە و پارێزگاکانی سنە و هۆرمۆزگان و فارس و گوڵستانیش لە دۆخی هۆشداریدان.
ماوەی چەند ڕۆژێکە بەرپرسانی تەندروستی ئێران بەردەوام هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیان دەدەن و داوا لە هاوڵاتیانیان دەکەن خۆیان لە تێکەڵبوون و سەردانە ناپێویستەکان بپارێزن.
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ڕابردوو مۆرگن ئۆرتگاس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی نیگەرانی خراپتربوونی دۆخی ئێرانە بەهۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و واشنتن ئامادەیە هەموو هاوکارییەک پێشکەشی تاران بکات.
وتیشی، هاوشانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەن، هەرچی زووتر زیندانیان سیاسی لە زیندانە قەرەباڵغ و ناتەندروستەکان ئازاد بکەن.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٤٨٣ هەزار و ٨٤٤ کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٢٧ هەزار و ٦٥٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و لەئێستاشدا باری تەندروستی چوار هەزار و ٢٧٤ تووشبوو ناجێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان، هەروەک ٢٠٧ تووشبووی کۆرۆنا بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.