ئەمریکا لە ڕێککەوتنامەی پاریسی تایبەت بە کەشوهەوا کشایەوە

  2020-11-04  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە، بەشێوەیەکی فەرمی لە ڕێککەوتنامەی پاریسی تایبەت بە کەشوهەوا کشایەوە، کە بە یەکەم ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان.

ئەو بڕیارەی کە دۆناڵد ترەمپ چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕایگەیاندو ببووە جێگەی نیگەرانییەکی زۆر، ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەوەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە لە ڕێککەوتنەکەدا ماونەتەوە ١٨٩ دەوڵەتن.

ئەو بڕیارەی واشنتۆن لەکاتێکدایە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای چین بە دووەم وڵات دادەنرێت سەبارەت بە دەردانی ئەو گازانەی کە بوونەتە هۆی گەرمبوونی کەشوهەوای زەوی.

پێشتریش جۆ بایدن ڕکابەری ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئێستای سەرۆکایەتی ئەمریکا، پشتیوانی خۆی بۆ ریککەوتنامەی پاریس دەربڕیبوو.

ئامانجی ئەو رێککەوتنە ژینگەییە سنوردارکردنی زیاتر گەرمبوونی جیهانە، کە زیاتر نەبێت لە دوو پلە و وڵاتانی بەشداری ڕێککەوتنەکە دەیانەوێت هەوڵەکان بەو ئاراستەیە بێت کە ناوەندە لە نزیکی یەک پلەو نیوەوە بێت.



ڕیکلام