پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆی لە تێپەراندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربڕی و رایگەیاند، لە دانیشتنێکدا هەموو رەهەندەکانی ئەم پێشهاتە لێکدەدرێنەوە و هەلوێست و بریاری یەکگرتووانە دەگیرێتەبەر.
دەقی راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی کوردستان:
بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە دوایین ھەنگاوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕوانین،کە بە بێ رەچاوکردنی بەهاکانی پێکەوە ژیان و ھاوبەشی و بنەماکانی سیستمی فیدراڵی کە لە دەستوری عێراقدا چەسپێنراون، لەسەر بنەمای زۆرینە و بێ رەچاوکردنی مافی خەڵکی کوردستان، بەرەبەیانی ١٢ ی ١١ ی ٢٠٢٠ یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی پەسەندکرد .
ئەم ھەنگاوە، پێشێل کردنی گیانی پێکەوە ژیان و ھاوبەشییە و پێچەوانەی هێڵەگشتییەکانی رێککەوتنەکانی پێشووترە، هاوکات وەستانەوەیە دژ بە ھەر جۆرە لێکنزیکبوونەوەیەک بۆ چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەماکانی دەستور .
بۆیە وێڕای سوپاس و دەستخۆشی زۆری خۆمان بۆ تەواوی فراکسێۆنە کوردستانیەکان و سەرجەم نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان کە یەک ھەڵوێست و ھاوڕا بوون بۆ رەتکردنەوەی بەشدار بوون لە دانیشتنی دەنگدان، رایدەگەیەنین کە بە ھەماھەنگی لەگەل سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراق و دوای پرس و راوێژی فراکسێۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و ھەموو رەھەندەکانی ئەم پێشھاتە لێک دەدرێنەوە و ھەلوێست و بریاری یەکگرتووانە دەگیرێتە بەر چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە و ئەرک و بەرپرسیارێتی هاوبەش دەخاتە ئەستۆمان .
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
١٢ ی ١١ ی ٢٠٢٠