بانکی ناوەندیی داوای لە کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆڕی دراوی هەرێم کرد مۆڵەتی کارکردن وەربگرن

  2020-12-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بانکی ناوەندیی عێراق داوای لە کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆڕکردنی دراو کرد لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردن وەربگرن.

لە بەیاننامەیەکدا بانکی ناوەندیی عێراق بڵاویکردەوە، کۆمپانیاکانی کڕین و فڕۆشتنی دراوی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەتوانن مۆڵەتی کارکردن وەربگرن، تا ناویان تۆمار بکرێت وەک کۆمپانیای مۆڵەتپێدراوی ئاڵۆگۆڕی دراو لە لایەن بانکی ناوەندییەوە.

بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن بەشێوەی ڕێزبەندی دەبێت، بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ ئەو قەبارەی کە کۆمپانیاکە هەیە، لەچوارچێوەی پلە بەندی  (A,B,C ) کە لەلایەن بانکەکەوە ڕێزبەندی بۆ کراوە.

وەک لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەو کۆمپانیایانە کە دەیانەوێت ناوی خۆیان تۆمار بکەن لە پلەی A پێویستە سەرمایەکەی لە ٥ ملیار دینار کەمتر نەبێت، بۆ پلەی B  پێویستە سەرمایەی کۆمپانیاکە لە ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت، بۆ پلەی C پێویستە سەرمایەی کۆمپانیاکە بگاتە ٥٠٠ ملیۆن دینار.



ڕیکلام