بانکی ناوەندیی عێراق چەند ڕێوشوێنێک لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەگرێتە بەر

  2020-12-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، بانکەکەیان ئامادەیە بۆ دەرکردنی زنجیرەیەک رێوشوێن، کە دەبێتە هاوسەنگ کردنەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لیژنەی دارایی میوانداری، مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندیی، بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر قەیرانی ئابوری و کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی دراوی عێراقدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەکە لە میانی میوانداریکردنی لە پارێزگاری بانکی ناوەندیدا، جەختیکردەوە لە ڕێگەچارەکانی ڕوبەڕبونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەسەر هاوڵاتیان، بە تایبەت گوزەرانی کەسانی هەژار و کەمدەرامەت، ئەوە سەرەڕای گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێکی پێویست کە بانکی ناوەندیی دەیگرێتە بەر لە بەرامبەر کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو کەسانی هەلپەرست کە دەیانەوێت سود لەم دۆخە وەربگرن.

وەک لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، لیژنەی دارایی داوای لە حکومەت کردووە ڕێوشوێنی پەلە بگرێتە بەر، بۆ پارێزگاریکردن لە چینە هەژار و کەمدەرامەتەکان، کە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، یان ئەو کەسانەی لە کەرتی تایبەت کاردەکەن، بە مەبەستی دابینکردنی کەلوپەلی خۆراکی بۆیان.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ڕوونکردنەوەی خۆی پێشکەشکردووە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، ئامادەیی بانکەکەشی دەربڕیوە بۆ گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێکی پێویست، کە دەبێتە دروستکردنی هاوسەنگی بۆ نرخی فرۆشتن لە ساڵی ٢٠٢١دا، وەک تەرخانکردنی بڕی ٣ تریلیۆن دینار بۆ هاوکارییکردنی ئەو کەسانەی کە خاوەنی داهاتێکی دیاریکراون، زیادکردنی دراوی قورس لە بازاڕدا و زیادکردنی ڕێژەی سود لەسەر دراوی عێراقی کە لە بانکەکاندا دادەنرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەشێوەیەک نرخی ١٠٠ گەیشتە ١٣٤ هەزار دیناری عێراقی.



ڕیکلام