سوپای ئەمریکا: لە ئەگەری هێرشی ئێران کاردانەوەمان دەبێت

  2020-12-21  | 
واشنتن
ژەنەڕاڵ کەنت مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە ئەگەری هێرشی ئێران لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانی، واشنتن کاردانەوەی دەبێت.

ژەنەڕاڵ کەنت مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەنزیکبوونەوە لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانی، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانمان، ئامادەی هەر جۆرە کاردانەوەیەکین و وەڵاممان دەبێت".

وتیشی، "بەهەموو شێوەیەک ئامادەین بەرگری لە خۆمان و دۆست و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە بکەین و لەکاتی پێویستدا کاردانەوەمان هەبێت".

راشیگەیاند، "بەپێی هەڵسەنگاندنەکانم ئەمریکا لە دۆخێکی زۆر باشدایە و ئامادەی روبەڕوبوونەوەی هەر کردەوەیەکە کە پێدەچێت ئێران و میلیشیاکانی نزیک لەو وڵاتە ئەنجامی بدەن".

چەند رۆژ پێش ئێشتا و پێش چەند هەفتە لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندس، کەنت مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتووەتە عێراق و سوریا و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە.

بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان ژەنەڕاڵ مەکێزی چووەتە سوریا و بنکەیەکی سوپای وڵاتەکەی لە باشوری ئەو وڵاتە و لەنزیک سنوری ئۆردن و عێراق، بەسەرکردووەتەوە.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا راشیگەیاندووە، لە میانی سەردانەکەی چەند رۆژی رابردووی بۆ بەغدا، لەگەڵ ژەنەڕاڵ پۆل کولۆرت و فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی و ئەمیر رەشید یاروڵڵا فەرماندە سوپای عێراق کۆبووەتەوە.

ئەم لێدوانەی ژەنەڕاڵ کەنت مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا پاش ئەوە دێت کە شەوی رابردوو چەند موشەکێک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کران و سەرجەم موشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگری موشەکی باڵیۆزخانەکەوە تێکشکێندران.

دواتر مایک پۆمپیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تارانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، گەلی عێراق مافی خۆیەتی لێپێچینەوە لەو گروپانە بکات.

ئەمڕۆش سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پۆمپیۆی بە دووڕوو و فێڵباز وەسفکرد و رایگەیاند، کات و جۆری هێرشەکەی شەوی رابردوو گوماناوییە و ئەو لێدوانانەش پێشتر ئامادەکراون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران  ئیدانەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، "پێویستە لەم ڕۆژانەدا، ئەمریکا هەوڵی ئاژاوەنانەوە و ئاڵۆزکردنی دۆخی ناوچەکە نەدات".

٢ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی، لەکاتی گەڕانەوەیان لە سوریا و لە هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە نزیک فرؤکەخانەی بەغدا کوژران.