ئەمریكا سزای بەسەر كۆمەڵێك دامەزراوە و كەسایەتی سووریادا سەپاند

  2020-12-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، سزای نوێی بەسەر بانكی ناوەندی و ژمارەیەك دامەزراوە و بەرپرس و كەسایەتیی سووریادا سەپاند.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئاشكرایكرد، لە سزا نوێیەكاندا 9 دامەزراوەی بازرگانی و بانكی ناوەندیی سووریا خراونەتە نێو لیستی سزاكانەوە، ئەوە جگە لە ژمارەیەك كەسایەتی كە نزیكی ئەسما ئەسەدی هاوسەری بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریان.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە بەردەوام لەگەڵ گەلی سووریدا دەوەستنەوە مەبەستیانە رێگە لە هەموو وەبەرهێنانێك لە ناوچەكانی سووریای ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی ئەسەد بگرێت بۆ ئەوەی كۆتایی بە كارە دڕندانەكانی دژ بە گەلی سووریا بهێنێت. 

هەر لەوبارەیەوە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە سزادانی ئەو كەسانەی كاردەكەن بۆ درێژەكێشانی جەنگی ناوخۆیی سووریا كە لە نێویاندا ئەسما ئەسەد  هاوسەری بەشار ئەسەد و ژمارەیەك كەسایەتی دیكەی بنەماڵەكەی سزا دەدرێن.  

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە بارەی پشتگیریكردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، رایگەیاند بە كۆی گشتی ئەو كەس و لایەنانەی خراونەتە نێو سزاكانەوە 18 كەسایەتی و دامەزراوەی سوورین. 

پۆمپیۆ، وتیشی"ئێمە لەگەڵ گەلی سووریا وەستاوین و پشتیوانی خۆمان بۆ ڕێگای ئاشتی دووپات دەكەینەوە، كە لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشدا بڕیاری لەسەر درا".

جەختی كردەوە كە ئەمریكا ئەمڕۆ بۆ پشتیوانی لەسووریا، سزاكانی بەسەر 18 كەس و قەوارەدا سەپاندووە، هەروەها ڕێگریی لە هەوڵەكان بۆ كۆتایی هێنان بە ئاڵۆزیی سووریا، ئێمە لەگەڵ گەلی سووریا وەستاوین و پشتیوانی خۆمان بۆ ڕێڕەوی ئاشتی دووپات كردەوە كە لە بڕیاری 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشدا چەسپاوە. 



ڕیکلام