لە ئەمریکا کارمەندێکی تەندروستی بە سەدان ڤاکسینی کۆرۆنای بەخەساردا

  2020-12-31  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کارمەندێکی تەندروستی لە ئەمریکا لە سەنتەرێکی پزیشکی ئەو وڵاتە لە کارەکەی دوورخرایەوە، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی ئەنقەست، بە سەدان ڤاکسنی دژی کۆرۆنای بە خەساردا، کاتێک لە بەفرگرە دەریهێناون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی (NPR )ی ئەمریکا، ئەو کارمەندە بە ئەنقەست نزیکەی ٥٠٠ ڤاکسینی کۆرۆنای لە بەفرگرەی سەنتەرە تەندروستییەکە دەرهێناوە کە کاری لێکردووە،  بەوهۆیەشەوە هەمووی خراپ بووە بۆ بەکارهێنان ناشین.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان لە روداوەکە، ئەو کارمەندە بە ئەنقەست ڤاکسینەکانی دەرهێناوە و دانیشی ناوە بەو کارەیدا، بەو هۆیەشەوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.

سەنتەری "ئارورا" لە ویلایەتی ویسکونسنی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا لەسەر روداوەکە ڕایگەیاند، ڤاکسینەکە هۆکارێکە بۆ ڕزگاربوون لە پەتاکە، ئەوان لە هەموو کەس زیاتر نیگەرانن لەو روداوە، کە بووەتە هۆی دواکەوتنی ٥٠٠ کەس لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە و ئەوەش پێشێلکارییەکی ڕەهای بنەما و بەها تەندروستییەکانە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤاکسینەکان تەنها بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر دەتوانن بە سەلامەتی بمێننەوە لە پلەی گەرمای ژوردا.

سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لەوەتەی کوتان بە ڤاکسینی کۆرنا دەستی پێکردووە لە ئەمریکا، توانیویانە ٤٧ هەزار کەس لە ویلایەتەکەیان بکوتن.

ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت تا کۆتای چارەیەکی یەکەمی ساڵی نوێ ١٠٠ ملیۆن کەس ڤاکسینەکە وەربگرن، ١٠٠ ملیۆنی دیکەش بەر لە کۆتایی چارەیەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢١.

تا ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا گەیشتووەتە ١٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار حاڵەت، کە بە زۆرترین ژمارەی تووشبوون دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان، ژمارەی ئەو کەسانەش لەو وڵاتە کە تا ئیستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٣٤٣ هەزار کەس.



ڕیکلام