ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بەرزدەبێتەوە بۆ 6 ملیار دۆلار

  2021-01-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی جێبەجێکاری ناوچەی خەلیفەی پیشەسازی لە ئەبوزەبی ڕایگەیاند، لە چەند ساڵی کەمی داهاتوودا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل دەگاتە ٦ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.

سەمیر شاتورفیدی سەرۆکی جێبەجێکاری ناوچەی خەلیفەی پیشەسازی لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات ڕایگەیاند، ئیمارات بەم نزیکانە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهێزکردنی ئابوری هاوبەش ئامانجێکی واقیعییە و ئابوری ئیسرائیل و ئیمارات لەیەک دەچن لەڕووی قەبارەی دانیشتوان و داهێنانەوە.

لە لایەکی ترەوە دەیڤید لیڤەر وەزیری ئابوری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئابوری هەردوولا بە ئاراستەی هەناردە کار دەکەن، هۆکار زۆر بۆ گەشبینی، دوای ئەو هەموو ئاهەنگەی ئاشتی، هەنگاوی داهاتوو دەبێت ناساندنی هاوبەشی نێوان سەرمایەدار و خاوەن کارەکانی هەردوو وڵات بێت.

هاوکات سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دوبەی هیوای خواست دەرگای ئاسبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، هەلی نوێ برەخسێنێت، چونکە هەموان بەشوێن بازاڕی نوێدا دەگەڕێن بۆ زیندووکردنەوەی ئابوری، بە تایبەت دوای ئەوەی کۆتایی دێت بە پەتای کۆرۆنا.

جەختیشیکردەوە، لە ئێستاشدا بوارەکانی گەشتوگوزار و چاودێری تەندروستی و ئاسایشی خۆراک و کەلوپەلی دەرمانسازی، ئەوا بوارانەن کە ئامادەن بۆ هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەش.



ڕیکلام