بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هاتنە دەنگ

  2021-01-16  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەریەکە لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا رەخنەیان لە پلانەکانی ئێران گرت، سەبارەت بە هەوڵەکانی تاران بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم و رایانگەیاند ئەو هەوڵانە هیچ بەهانەیەکیان نییە.

ئەو سێ دەوڵەتە، کە پێکەوە ئیمزایان لەسەر ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، کە لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە دەکات "ئێران بە هیچ شێوەیەک جێگەی متمانە نییە کە یۆرانیۆم بۆ بواری مەدەنی بەکاردەهێنێت، چونکە بەرهەمهێنانی کانزای یۆرانیۆم لایەنی سەربازی مەترسیداری هەیە".

هەر سێ دەوڵەت نیگەرانی زۆری خۆیان راگەیاند، سەبارەت بە پلانە نوێیەکانی ئێران، ئەوەشیان بە بیر تاران هێناوەتەوە، کە بەگوێرەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ئیمزا کراوە، پێشتر بەڵێنی داوە کە خۆی بە دوور بگرێت لە هەر هەڵسوکەوت و چالاکییەکی تایبەت بە یۆرانیۆم تا ١٥ ساڵی تر.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هەر سێ وڵات ئێرانیان هانداوە چالاکییەکانی ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت و بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونەکانی سەبارەت بەو پلانی کارە هاوبەشەی کە لە نێوان لایەنە پەیوەندارەکاندا ئیمزا کراوە، ئەگەر دەیەوێت پارێزگاری لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بکات.

ئەو پەیامەی هەریەکە لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا لە بەرامبەر ئێران لە کاتێکدایە،  لە ماوەی ڕابردوودا ئێران بڕیاریدا بە بڕی لە ٢٠%ی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز بکاتەوە.



ڕیکلام