لە کوێم

  2021-01-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جەلالی میرزا کەریم

وڵاتەکەم.. ئافرەتێکە،
مەمکەکانی.. دوو دەریاچەی پڕ زووخاوە
((منیش ھێشتا، شیرە خۆرەم))
- دایە! لە کوێیت؟
دڵدارەکەم.. سنوورێکە،
بست بە بستی بە تەلبەندی پەشیمانی داچێنراوە
((منیش تازە ھەرزەیەکی ئەو ڕێ کوێرەم کە نامەی دڵداریی تری تیا سووتێنرا
پێغەمبەری تیا فرۆشرا))
- خوایە! لە کوێیت؟
دایە! پێیان وتم: ئەمریت!
وتم: لە کوێیت؟
کاتێ.. مردم؛ پێیان وتم:
لە نێوانی ڕێگای دۆزەخ و بەھەشتا
کامیان ئەگریت؟
وتم: ھیچیان..
چونکە لەناو زامەکانی نەخشەی لەشتا 
بەغدا و تاران..
ئەستەمووڵ و شامیش گەڕام،
ھەر نەمزانی ئاخۆ لە کوێیت؟
* * *
خوایە! پێیان وتم: ئەژیت!
وتم: لە کوێیت؟
کاتێ فەرمان درا بژیم.. پێیان وتم:
لە نێوانی باخی خەم و بیابانی پێکەنینا؛
چ لایەکیان ھەڵئەبژێریت؟
وتم: ھیچیان..
چونکە لەناو تابلۆکانی خەوبینینا
بۆ تۆ گەڕام
ڕێی مەرگ و ژینم لێ ون بوو،
دە پێم بڵێ.. ئاخۆ لە کوێیت؟
لە شوێنێکم..
جێی ھەناسەم نابێتەوە.
لە شوێنێکم..
پەنجەرە بۆ پاساری دڵ ناکرێتەوە.
لە شوێنێکم.. بێ ناونیشان
نازانم ژیانە.. یاخود ڕێگای نەمان؟
* * *
تەنیا خۆمم،
نازانم.. کام ڕێگا ئەمبا؟
کام ڕەشەبای ئاگراوی ھەڵمئەگرێ؟
کام شمشێری ژەنگ ھەڵگرتوو ھەڵمئەدڕێ؟
ڕاستە.. مۆمم،
بەڵام.. کام ژیلەمۆی فرمێسک ھەڵمئەکا.
* * *
دەنگم.. لەگەڵ شڵپەی خوێنی 
چواردە ساڵەی چرۆی ئاواتەکانمانا..
لە کاروانی خەمی گوڵی 
نەورۆزا ڕەنگ ئەداتەوە.
ڕەنگم.. لەگەڵ ڕوخساری ڕێی 
دوانەھاتووی ماندووانا..
لە کەروێشکەی کەژاوەی مەرگی نیگارا،
دەرگای بەستی تەوژمی خۆر ئەکاتەوە.
ژانم.. لە توێی بزەی لێوا،
سوێی داھاتووم ئەخواتەوە.
* * *
ئەمجارەش توولەڕێی کێوی ھیوا ئەگرم،
گیانم.. لەناو گۆڕی خۆیدا،
چەکی مردووم ئەشواتەوە؛
ھەوراز ئەبڕم.
١٩٧٥


ڕیکلام