کوردی  |  English            

پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت: ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین کاری ترساندن و تۆقاندن ئەنجام بدات

  2021-01-17  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ساڵی رابردوودا ١٠ هەزار و ٨٦١ تاوان لە شاری هەولێر و دەوروبەری ئەنجامدروان و پارێزگاری هەولێر بە وەکالەتیش دەڵێت، ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەن کاری ترساندن و تۆقاندن لە شاری هەولێر ئەنجام بدات.

هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ دلێر نەجاڕ بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند ڕووداوێکی کوشتن و تەقەکردن لە ناو شاری هەولێر رویانداوە کە هۆکاری زۆربەی رووداوەکان بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر توانیویانە سەرجەم تۆمەتبارانی رووداوەکان دەستگیربکەن و رێگە بە هیچ کەسێک نادەن کاری ترساندن و تۆقاندن لە ناو شاری هەولێر ئەنجام بدات.

لای خۆشیەوە عەمید دلێر نەجاڕ بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماری کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێری لە ساڵی رابردوودا ئاشکراکرد و رایگەیاند، لە ساڵی 2020دا، ١٠ هەزار و ٨٦١ تاوان لە ناو شاری هەولێر و سنوری شاری هەولێر تۆمارکراون.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەو ساڵەدا نۆ هەزار و ٨٤٦ تاوان ئاشکراکراوە و ئەو تاوانانەشی کە ئاشکراکراون، سەرجەم کەیسەکانیان یەکلاکراوەتەوە و دراونەتە دادگا.

راشیگەیاند، هەر لە ساڵی رابردوودا، چوار هەزار و ٣٠١ تۆمەتبار لە سنوری شاری هەولێر و دەوروبەری لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە دەستگیرکراون.

عەمید دلێر نەجاڕ ئاشکراشیکرد، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ٣٢ حاڵەتی تەقەکردن لەناو شاری هەولێر روویانداوە و لەپەیوەندی بەو حاڵەتانە، ٢٩ تۆمەتبار دەستگیر کراون و رەوانەی بەردەم دادگا کراون.

وتیشی، هەر لە ساڵی رابردوودا، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هەزار و ٥٨٥ درۆزەکەریان لە هەردوو حاڵەتی نێر و مێ دەستگیرکردووە، هەروەک توانیویانە، ١٨٣ تۆمەتبار دەستگیربکەن کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە  بەتاوانی دزیکردن و کوشتن و بازرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکانیان و لە شارەکانی دیکەی عێراق دەستگیرکراون.

لە کۆتایی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر سوپاسی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی پارێزگای هەولێری کرد، لەپێناو شەونخونی و ماندوبوونیان بۆ پاراستنی ئاسایشی پارێزگاکە.