گۆڤارێکی تایبەت بە چیرۆک بڵاودەبێتەوە

  2021-01-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارە حەوتی گۆڤاری ئیلیان دەردەچێت

ئیلیان یەکەمین گۆڤاری تایبەت بە وێژەی گێڕانەوە و ئەو بابەتە تیۆرییانەیە وا گرێدراوی ئەدەبییاتی گێڕانەوەن، ئەم گۆڤارە هاوینی ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی یەکەمی بڵاو بووەتەوە. لەو دەمەوە تاوەکوو هاوینی ٢٠١٧، واتا لە ماوەی دوو ساڵدا، شەش ژمارە لە گۆڤارەکە و پەڕتووکێک لەلایەن ستافی ئەم گۆڤارەوە بڵاوبۆتەوە، دواتر بە هۆی نالەباری باری داراییەوە لە وەشاندن وەستا،  چونکە سەرجەم تێچووی دەکەوتە ئەستۆی ستافی گۆڤارەکە، پاشان دوای پتر لە سێ ساڵ وا دەیسان ژمارەیەکی تری ئیلیان بڵاو دەبێتەوە، لە بارەی گۆڤارەکە و پلانی نوێیانەوە ستافی گۆڤارەکە دەڵێن: ئەمجارە بە هەندێ بەرنامە و پلانی تازەوە، درێژە بە وەشانی ئیلیان دەدەینەوە. دەکۆشین پڕۆژەکەمان بۆ درێژمەودا بێت، لەو شەش ژمارەیەدا، ئیلیان لە دوو ئاستدا کاری کردووە، وەرگێڕانی چیرۆک و بابەتی تیۆریی پەیوەست بە گێڕانەوە. هاوشان لەگەڵ گرینگییدان بە چیرۆک و چیرۆکنووسانی هەموو زارە کوردییەکان و گێڕانەوەی کوردیی. کە ئەمەی دواییان دەکرێت بکرێتە پڕۆژەیەکی تایبەت، یان هەر لەنێو ئیلیاندا جێگایەکی تایبەت و مەودایەکی فراوانی بۆ تەرخان بکرێت. مسۆگەر گەر ژینگەی لەبار بێت، خەونی گەورەمان لەو چوارچێوەدا هەیە .

ئەو ستافە سەبارەت بە پێشینەی گۆڤارەکەیان دەڵێن: تاوەکوو ئێستا لە گۆڤاری ئیلیاندا; لە نۆ زمانەوە بابەت وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردیی (فەڕەنسیی، ئینگلیزیی و سویدیی و ڕووسیی، ئەرەبیی و فارسیی، ئیسپانیی و تورکیی و ئەڵمانیی). کە نزیک بە ٤٠٠ چیرۆک وەرگێڕدراون. جگە لە وتار و خوێندنەوە و چاوپێکەوتن .

ئێستاش ژمارە حەوتی ئیلیان لە دووتوێی 425 پەڕەدا و بە گورزێک  چیرۆک و خوێندنەوە و چاوپێکەوتن و لێکۆڵێنەوە و ڕاڤەوە ئامادەیە و لە چاپخانە هاتووتەوە، لەم چەند ڕۆژەدا لە کتێبخانەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست دەکەوێت .

لە کۆتا قسەکانیاندا دەڵێن: ئەم ژمارەیە، لە تەنیشت ستافی بەڕێوەبەرانی گۆڤارەکەوە (36) وەرگێڕ کاریان لە ئامادەکردنیدا کردووە .

ڕووبەرگی گۆڤارەکە کاری هونەرمەندی بەناوبانگی کورد: (ڕۆستەم ئاغالە)یە و پشتبەرگیش کاری هونەرمەندی دەستڕەنگینی کورد (ئەحمەد نەبەز)ە هەروەها(بەڵێن باقی) کاری دیزانیی گۆڤارەکەی کردووە.



ڕیکلام