خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی (تەرمێک لەسەر زمان دەنێژم(

  2021-01-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاشم سەڕاج

کتێبێکی نوێی (غەمگین خدر) ی شاعیرە، ناونیشانەکەی ڕستەیەکی ئەفلاتوونی بیرخستمەوە: " ئێمە کاتێ وشەیەک گۆ دەکەین یەکسەر دەمرێت!"، بەڵام مەبەستی شاعیر (غەمگین) زووبانە، ئەو پارچە گۆشتەی نێودەم کە تەرمی دولبەرەکەی تێدا دەنێژێت .

 شیعر لە بنەڕەتدا زمانە و زمانیش ماڵی بوونە  (ھایدگەر) دەقەکانی (ھۆڵدەرلین ) بە پێی ئاماژەکانی نێو دەق بەبوونەوە دەلکێنێت ‘ بوون لای (سۆفیستەکان) بەردەوام لە ھەڵقوڵان و جووڵە و گۆڕاندایە. لای (پارمەنیدس ) بوون و بیرکردنەوە ھەمان شێوەن. بوون ڕاستییەکی تاقانەیە گۆڕانی بەسەر نایەت و ھەموو ڕابردوو و داھاتووشی پووچە ... نادیارە. لەبەر ئەمە بوون لە ھەموو شوێنێکدا ھەیە، ھەڵبەتە مرۆڤ بوونەوەرێکی نیگەرانە و درک دەکات ھیچ شتێک تا سەر بە جوانی نامێنێتەوە، جوانیش دڵپڕووکێنە .

غەمگین خدر لەم کتێبە شیعرییەدا زۆرتر بایەخی بە وێنەی شیعری داوە، وێنەی شیعریش چەشنی حەشیش ھەم نەشئە بە جەستەی تێکست دەبەخشێت، ھەمیش بە سوبێکتی وەرگر. وێنە پێکەوەنانێکی زمانییە و لێوانلێو لە ھەست و خەیاڵ. ھاوکات شوێنگەی بەتاڵکردن و تەقاندنەوەی ھزرە.  ھەروەھا زمان بۆ خۆی پێکھاتەیەکی مۆسیقییە، دەشێت لەم کەرنەڤاڵی تەرم ناشتنە زمانییەدا، وێنەی شیعری جۆرێک لە پەیوەستی لەگەڵ بووندا دروست بکات، لە کاتێکدا دەقەکانی غەمگین خدر لەم کتێبەدا خاڵی نین لە ئاھەنگسازی کە دڵخۆشییەک بە خوێنەر دەبەخشێت .

وەکوو :

ناوی تۆش لەسەر زمانمدا کەوچکێک ھەنگوین بوو

چاوت وەک ئینجانەیەکی گوڵگوڵی

تروسکایی دڵشخۆشی لێ دەڕژا

÷÷÷

بەھارم وەرزێکە

بە خەندەیەکت موتووربەکراوە !

÷÷÷

سوێندت بۆدەخۆم

ئەو خاڵە ڕەشەی گەدەنت

قۆپچەیەکی خوداییە !

÷÷÷

ئەو ڕۆژگارانە بەڕەشبینی ھاتن و

وەک گوللە تێپەڕین

÷÷÷

وشەکان ئێسکی ژێر پێستم دەلێسنەوە

÷÷÷

ڕووبارێکت ڕژاندە چاوانم

دڵم ھەڵمی کرد

÷÷÷

پێڵاوەکان

بەناو سەرگوشتەی مندا پیاسەدەکەن

÷÷÷

دەستی شەوەکانم

کورت و

قاچی ئازارەکانم

درێژبوون

÷÷÷

ئەو تاریکییەی ناوەوەم

ئەژدیھایەکی ئەفسووناوییە

شەوان ئێسکمان دەکرۆژێت

ھەموو چرکەیەک خێرا

بەناچاری

کفنی ڕەش

بۆیادەوەریمان دەدرووین

÷÷÷

ھەندێک شەوان

قەرەباڵغیم دەڕژێتە تەنیایی خۆمەوە

÷÷÷

وەک ئاسمانێک ئەوەندە عاشقت بوومە

کۆلارە لەسنگمدا ھەڵدەفڕێت

÷÷÷

دەترسم گوللەیەکی نەخۆش

پیالەیەک تاریکیم پێ فڕبکات

÷÷÷

زمان بەدفەڕترین ئەندامی کەللەسەرە

ھەرزمانمە بەڵاکانم بۆ ئەرشیف دەکات

دەیان گۆڕ ھەرلەسەرزمان ھەڵدەگرم

÷÷÷

لەژێر بنمێچی ماڵێکدا شەو باری

÷÷÷

بێدەنگی ھەموو ئەو ساڵانە

دەخەمە سەر کەڵکەڵەی زمان

بەناو ھەموو سەدەکان ھاواربکەم ، کەمە !

÷÷÷

ژیانی بازنەیی ڕۆژەکانیشم

بێتاقەت بوون

÷÷÷

تازە دڵسافی ئاسمانی بەرین بەمن چی

کەمن باڵندەی باڵشکاوی ئەڤینی تۆبم  

÷÷÷

زستان خۆی کرد بەماڵمان

بەفرێکی تووڕە بەناو ژوورەکەمان باری

ھەبوونی زمانمان تەزی

لێومان لەناو شەختەبەند ڕەق بووەوە

÷÷÷

تۆش پرچت بەناو گەردەلوولەکاندا بەرەلڵاکرد

ئەوەندە جوانی شەوت پەرت بوو

ڕەشەباش تاڵێکی نەدۆزییەوە!



ڕیکلام