ڤاتیکان: پاپا لەسەردانەکەی بۆ عێراق لەگەڵ سیستانی کۆدەبێتەوە

  2021-01-28  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، پاپا فرانسیش پاپای ڤاتیکان، لە میانی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ عێراق، کە بڕیارە لە مانگی ئازاری داهاتوودا ئەنجامی بدات، لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا لە زاری کاردیناڵێکی ڤاتیکانەوە بڵاویکردەوە، لە کاتی سەردانەکەی بۆ بەغدا، پاپا چاوی بە ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان دەکەوێت و لەگەڵی کۆدەبێتەوە.

بڕیارە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا پاپا لە میانی سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی بەغدا و پارێزگای نەینەوا و چەند شوێنێکی پیرۆزی دیکەی تایبەت بە مەسیحییەکان بکات لە عێراق.

ڕۆژنامەی (ڕۆما ڕیبۆرتەر)ی ئیتالی ڕاپۆرتی بڵاوکردەوە و بە وردی ڕۆشنایی خستووەتە سەر سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپا بۆ عێراق، یەکێک لە کاردناڵەکان بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئامانجی سەردانەکە وەڵامێکە بۆ ئەو کەسانەی کە لەو بڕوایەدا بوون چیتر ئەم خاکە بەهای نەماوە.

ڕۆژنامە ئاماژەی بەوەشکردووە، پاپا لە سەردانەکەیدا داوا لە مەسیحیەکان دەکات وڵاتەکە ئاوەدان بکەنەوە نەک خۆیان پەراوێز و بەرکەنار بکەن، جگە لەوەش سەردانەکە پەیامێکی هیوایە بۆ سەرجەم ئەو عێراقیانەی کە بەهۆی تیرۆر و وێرانکارییەوە هیلاک بوون.



ڕیکلام