شەڕی پارتی و کۆمەڵ لەسەر چییە؟

  2021-02-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارتی و کۆمەڵی ئیسلامی شەڕی ڕاگەیاندیان دژی یەکتری دەستپێکردووە لە فەیسبوک و سایت و میدیا سێبەرەکانیانیەوە ھێرشی توند دەکەنە سەر حزب و سەرکردەکانی یەکتری.

پارتی شەڕەکەی بە میدیا سێبەرەکانی سپاردووە بەڵام کۆمەڵ سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانی بە توندی ھاتوونەتە سەرخەت، شەڕی ڕاگەیاندنی ئەم دوو حزبە لەو کاتەوە دەستپێکرد تەلەفیزیۆنی پەیام وەکو یەکەم میدیای فەرمی حزبی، کورتە فیلمەکەی ئێرانی لەبارەی بارزانییەوە بڵاوکردەوە و پاشماوەیەکی کورت سڕییەوە.

ئیتر لەوە بەدوا میدیای سێبەری پارتی ھێرشیان بۆ سەر عەلی باپیر و کۆمەڵ دەستپێکرد بۆ نمونە لە رێی ئەم وتارە پارتی، کۆمەڵ بە حزبێکی توندڕەو ناو دەبات و نوسیویەتی: کۆمەڵی ئیسلامی کە توندڕەوترین گروپی ئیسلامییە لەم ھەرێمە، لە دەستی بێت تەنیا تیزاب بە ئافرەتی مۆدە دا ناکات و تەنیا کتێبخانەکان ناتەقێنێتەوە، بەڵکو لەناو سەنتەری شار و لە ناوەڕاستی شەقامەکانی ناو بازاڕ گەنجی کورد گولـلەباران دەکات.

لە بەرامبەر ئەم هێرشانە سەرکردەکانی کۆمەڵ وەڵامی خۆیان ھەیە محەمەد حەکیم کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵ دەڵێت، مامۆستا عەلی باپیر، بە نووسین و وتار و ھەڵوێستەکانی، سەنگەرێک بووە بەرانبەر پەڕگیری لە کوردستان، بە قسەی کەسانی بێ ئەرزش ئەم راستییە پێچەوانە نابێتەوە، ھەروەھا شەریف عەلی باپیر کە ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکە و وتار دژی دەسەڵاتدارانی کوردستان دەنوسێت، لە نووسێنێکدا بە ناوی چەند پرسیارێک بۆ بوختانچییەکانی پارتی، ھێرشی توندی کردووەتە سەر پارتی.

شەریف لەم وتارەدا کە ڕووی دەمی لە پارتی دیموکراتی کوردستانە پرسیار دەکات و دەڵێت، فەرماندە و سەرکردەی کام حیزبە بوون لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش ئافرەتی سەماکەریان دەھێناو لە ژێر گڵۆپی سوردا ڕۆژیان دەکردەوە، دوای نیوەڕۆیانیش بە جلی پێشمەرگەوە سێڵفیان دەگرت؟ ئەوانە کێ بوون بە ھەزاران پێشمەرگەوە مەخمور و گوێڕ و شنگالیان جێھێشت و سنوری خۆیان پێ نەدەپاراسترا، یارمەتیان لەملا و لەولا بۆ دەھات کەچی ئێستا حاشای لێدەکەن؟

ھەروەھا کەناڵی پەیام پەنای بۆ ڕۆشنبیر و کەسایەتییە بێلایەنەکان بردووە بۆ ئەوەی بە قسە و ھەڵوێستی ئەوان وەڵامی پارتی بداتەوە. نەک ھەر ئەوەندە بەڵکو ئەندام و کادیرانی ڕیزی خوارەوەی کۆمەڵ وێنەکانی خۆیان لە ئەگەڵ عەلی باپیر داناوە، ئەمەش وەکو بەرگرییەک لە ئەمیری حزبەکەیان، یاخود وێنەی کۆنی سەردەمی پێشمەرگایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە بۆئەوەی ئەوە بەبیربھێننەوە ئەوانیش وەکو سەرکردەکانی پارتی خەباتی شاخیان ھەیە.

 لەم شەڕی ڕاگەیاندنەدا خاڵێکی جێی سەرنج ھەیە، ئەویش ئەوەیە پارتی تەنھا میدیا سێبەرەکانییەوە ھێرشی بۆسەر کۆمەڵ دەستپێکردووە و ھیچ سەرکردەیەکی لەمەدا بەشدار نییە. بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی وەڵامەکانی گەیشتووەتە ئاستی کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە کۆمەڵ دەیەوێت لەم ڕێوە جێپێی خۆی لە شەقامی گشتیی توندوتۆڵتر بکاتەوە بە تایبەت کە بڕیارە لە ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و کوردستان بەڕێوەبچێت.


ڕیکلام