رۆژنامەی سەباحی عێراق خشتەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکانی بۆ عێراق بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکە لەشاری نەجەف سەردانی عەلی سیستانی دەکات.
بەپێی خشتەکە رۆژی پێنجی ئادار پاپا دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا و لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە پێشوازی لێدەکرێت،پاشان سەردانی سەرۆک کۆماری عێراق دەکات و لەگەڵ دەسەڵاتداران و کەسانی دیپلۆمات کۆدەبێتەوە.
پاشان سەردانی کەنیسەی سەیدە نەجات دەکات لە بەغدا و رۆژی شەممە 6 ی ئادار سەردانی شاری نەجەف دەکات و لەگەڵ عەلی سیستانی کۆدەبێتەوە.
بەپێی خشتەکە سەردانی شاری مێژووی ئور دەکات و لە کەنیسەی ماریوسفیش لە بەغدا ئاهەنگی بۆ سازدەکرێت.
پاشان رۆژی یەکشەممە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و دواتر دەچێتە شارۆچکەی قەرەقوش و نوێژبۆ رۆژی ئەوکەسانە دەکات کە لە شەڕدا کوژراون و لە کەنیسەی تاهرە لە قەرەقوش ئاهەنگی بۆ سازدەکرێت.
ئێوارەی هەمانرۆژیش لە یاریگای فرانسۆ هەریری ئاهەنگێکی گەورەی ئاینی سازدەکرێت و بەیانی رۆژی دووشەممە لە فڕۆکەخانەی بەغداوە دەگەڕێتەوە.
سەردانەکەی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان بەیەکەم سەردانی پاپای ڤاتیکان دادەندرێت بۆ عێراق.