موقتەدا سەدر: بۆ سەردانەکەی پاپا دڵ و دەرگامان کراوەیە

  2021-02-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و باڵیۆز عێراقیش لە ڤاتیکان ڕایگەیاند، سیستانی و پاپا پەیماننامەیەک بۆ برایەتی مرۆڤایەتی ئیمزا دەکەن.

موقتەدا سەدر لە تویتێکدا ڕایگەیاند" سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق جێی خۆشحاڵییە و دڵ و دەرگاکانیشمان کراوەیە بۆی".

موقتەدا سەدر لە تویتەکەیدا کە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزیش بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، پێی گەیشتووە کە هەندێک کەس دژی سەردانەکەی پاپایە بۆ عێراق، بەڵام کرانەوە بەسەر ئایینەکاندا بابەتێکی باشە و سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق جێگەی خۆشحاڵییە و دڵ و دەرگاکانیشی بۆ خراوەتە سەر پشت.

سەدر وتی"نەجەف پایتەختی ئایینەکانە، بۆیە جێگەی پێشوازی و خۆشحاڵییە وەک خۆشەویستێکی ئاشتی".

لە لایەکی ترەوە ڕەحمان عامری باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیکان ڕایگەیاند، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپا بۆ عێراق، پەیامێکی ئاشتییە بۆ جیهان، بۆیە چاوەڕواندەکرێت پەیماننامەیەکی برایەتی مرۆڤایەتی لە نێوان پاپا ڤاتیکان و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق ئیمزا بکرێت، کە ڕێگە دەدات بە چەسپاندنی متمانەی هاوبەش لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا.

عامری ئاماژەی بەوەشکرد، پاپا خواستی هەیە بۆ بەهێزکردنی گفتوگۆی هاوبەش لە نێوان سەرجەم پێکهاتە ئایینیەکاندا، لە نێوان کەنیسە دۆستەکاندا بێت یاخود لەڕێگەی پەیوەندییەکانی ئیسلام و مەسیحیەت بێت.

بڕیاریشە پاپا لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سیستانی گفتوگۆ بکەن لەسەر بابەتەکانی توندڕەوی و رەتکردنەوەی رقلێبوونەوە و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی ئاشتی و پشتیوانیکردنی دانیشتوانی ناوچە ئازادکراوەکان، بە تایبەت دانیشتوانی دۆڵی نەینەوا و موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری، کە بە هۆی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعشەوە لە کاتی هێرشەکانی ئەو ڕێکخراوەدا وێران بوون و خەڵکەکەشی ئاوارەبوون.



ڕیکلام