گروپێك بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكەی هەولێر راگەیاند

  2021-02-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گروپێك بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەكیەكەی شەوی رابردووی هەولێر راگەیاند و دەڵێن ئەو موشەكانەی بەر ناوچە جیاوازەكان كەوتوون موشەكی ئەمریكی بوون لە كاتێكدا ویستویانە رێگری لە هێرشەكەمان بكەن.

گروپێك كە خۆیان بە " سرایا أولیا‌‌ء الدم" ناو دەهێنن لە بەیاننامەیەكدا كە كە درەنگانی شەوی رابردوو بڵاویانكردووەتەوە، بەرپرسارێتی خۆیان لە هێرشە موشەكیەكەی هەولێر راگەیاند. 

بە گوێرەی بەیاننامەیەك كە ئەو گروپە بڵاویان كردووەتەوە رایانگەیاندووە: بە هاوكاری خوا و دوعای باوباپیرانمان، كاتژمێر 9:15 ی شەو لە هەولێر كە 7 كم دوورە، توانیومانە بە وردی لە ئامانجەكانیان بدەن. 

ئەو گروپە ئەوەشیان راگەیاندووە كە سیستەمی CRAM نەیتوانیوە رێ لە موشەكەكانیان بگرێت و زیانێكی زۆریان لە "داگیركەران" داوە، لەبارەی ژمارەی موشەكەكانیش رایگەیاندووە كە 24 موشەكیان ئاراستە كردووە و سەرجەمیان ئامانجەكانیان پێكاوە. 

گروپەكە كە خۆیان بە خاوەنی خوێنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دەزانن دەشڵێن: بانگەوازی لە گەلەكەمان دەكەین، كە ئەو مووشەكانەی لە دەرەوەی بنكەی داگیركاری کەوتونەتەخوارەوە مووشەكی ئەمریكین كە هەوڵیاندا بەر بە موشەكەكانمان بگرن، هەڕەشەی ئەوەش دەكەن هیچ بستێكی عێراق بەدوور نابێت لە گورزەكانمان تەنانەت لەكوردستانیش.

پێشتریش واین مارۆتۆ وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی لە عێراق رایگەیاند "خانەنشینێکی مەدەنی گیانی لەدەستداوە و شەش برینداری دیکەیان هەیە کەیەکێکیان سەربازە" هاوکات وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش برینداربوونی سێ هاوڵاتی سڤیلی راگەیاند، کە دۆخی یەکێکیان ناجێگیربوو.

هەر لەوبارەیەوە چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، 14 موشەک لە دەرەوەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە نزیک بنکەی هێزەکانی ئەمریکا کەوتوونەتە خوارەوە.


ڕیکلام