وەزیری گەشتوگوزار: زیاتر لە 5000 شوێنی شوێنەواری لە هەرێم هەن

  2021-02-17  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، زیاتر لە پێنج هەزار شوێنی شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و بۆ راكێشانی گەشتیاری بیانی و دەوروبەر، پلانیان هەیە پەرەی زیاتر بەو سێكتەرە بدەن.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە پێنج هەزار شوێنی شوێنەواریمان هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەو خاكە دەوڵەمەندە بە شوێنەوار، تاوەكو ئێستا نەتوانراوە بۆ راكێشانی گەشتیاری بیانی و دەوروبەر و تەنانەت گەشتیاری ناوخۆش سوودی لێ وەربگیرێت، لەبەر ئەوەی شوێنە شوێنەوارییەكان زۆربەیان دوورەدەستن و لە دووری شارەكانن و پێویستیان بەوەیە رێگە و خزمەتگوزارییان بۆ ببردرێت، تاوەكو گەشتیار بتوانێت سەردانی ئەو شوێنانە بكات".

ئاشکراشیکرد، مۆزەخانەی هاوچەرخی هەولێر دیزاینەكەی تەواو بووە و لیژنەیەكی تایبەتمەندیش لە ئەندازیارانی تەلارساز و ئەندازیارانی شارستانی و هەموو بوارەكانی تری ئەندازیاری لە دواقۆناغەكانی وەرگرتنی ئەو دیزاینەن.

وتیشی، بە چوونەبواری جێبەجێكردنەوەوە، مۆزەخانەی هەولێر یەكێك لەو شاكارە تەلارسازیانە دەبێت كە لە شارەکە جێبەجێدەكرێت و بۆ هەموو هەرێمی كوردستانیش دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت.

لەبارەی كەلوپەلە مێژووییەكانی مۆزەخانەی هەولێر، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، پارچە و كەلوپەل و شوێنەواری یەكجار زۆری تێدایە، بەڵام بەهۆی بچووكی شوێنەكەیەوە وەكو پێویست نەتوانراوە سوودی لێ وەربگیرێت و لە مانگی داهاتوودا هەوڵ دەدەین لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە شوێنەوار لەگەڵ شوێنەوارناسانی كوردستان و شارەزایان نەخشەرێگەیەك  بۆ پەرەپێدانی ئەو سێكتەرە دابنێین .



ڕیکلام