سۆرانی  |  بادینی  |  English      

ئەو دادوەرەی چالاكوانەكانی بادینانی سزادا پۆرترەیتێكی پێشكەش دەكرێت

  2021-02-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هونەرمەندێك كارێكی هونەری خۆی پێشكەش بەو دادوەرە دەكات كە سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی دهۆك دەركرد و تەنها مەرجیشی ئەوەیە كارەكەی هەڵبواسێت لە شوێنی كارەكەی یان ماڵەكەیدا.

محەمەد ئیسماعیل، هونەرمەند پۆرترەیتێكی كچەكەی شڤان پەرۆشكی دروست دەكات و دەڵێت: گەر قبوڵی بكات ئامادەم ئەم كارە هونەریەم پێشكەش بەو حاكمە بەڕێزە بكەم، كەوا شەش ساڵ حوكمی بەسەر باوكی ئەو منداڵەدا سەپاند. 

ئەو هونەرمەندە تەنها مەرجێكیشی بۆ دادوەرەكە داناوە كە كارەكەی خۆی پێشكەش بكات مەرجەكەشی ئەویە كە "نابێ فڕێیبدات، نابێ پێشكەشی كەسێكیتری بكات". 

ئەو دەشڵێت پێمخۆشە پۆرترەیتەكە "لە ژووری میوان یان لە نوسینگەكەی خۆی هەڵیبواسێت بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێك فرمێسكی ئەو منداڵە بەرچاوی بكەوێت، بڵێت هۆكاری گریاندنی ئەو منداڵەبووم".

 محەمەد ئیسماعیل دەشڵێت "من سەر لە بابەتی یاسایی و دادگا دەرناكەم، من هونەرمەندم، تەنها فرمێسك و گریانی ئەو منداڵە زۆر كاریلێكردم بۆیە بڕیاری دروستكردنی ئەم پۆرترێتەمدا  چونكە هەست دەكەم فرمێسكی ئەو منداڵە گوزارشت لە هەنسك و گریانی هەزاران منداڵی بێنازی كورد دەكات".

ئەوەش دووەمین كاری هونەریە كە لەسەر گریانی كچەكەی شڤان بەرۆشكی دروست بكرێت، یەكێك لە كارە هونەریەكان خراوەتە زیادكردنی ئاشكراوە و بڕیارە هەر بڕێك پارەی لەسەر دیاری بكرێت بدرێتە خێزانی شڤان بەرۆشكی كە دەستگیركراوە و لەگەڵ چوار كەسی دیكەدا لە رۆژی 16ی ئەم مانگە لەلایەن دادگای تاوانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزا دران.