باوکی دەستگیرکراوێکی بادینان: ئەگەر کوڕەکەم خیانەتی لە کوردستان کردبێت بەدەستی خۆم دەیکوژم

  2021-02-21  | 
دهۆک
ئەیوب ڕەشید ئەیوب باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان
فۆتۆ: مازن شنگالی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان داوای ئازادکردنی کوڕەکەی دەکات و دەشڵێت، ئەگەر کوڕەکەی خیانەتی لە کوردستان کردبێت، ئامادەیە بە دەستی خۆی بیکوژێت.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەیوب ڕەشید ئەیوب باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند، شەش مانگ لەمەوبەر کوڕێکی بەناوی بەندەوار لەلایەن ئاسایشی گشتییەوە دەستگیر کراوە و کاتێک کوڕەکەی دەستگیرکراوە، خۆی تووشی کۆرۆنا بووە و لە جێگەدا کەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا تەنها یەکجار مۆڵەتی بینینی کوڕەکەیان پێدراوە و چەند جارێکیش بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵدا کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا نازانن کوڕەکەیان بە چ تاوانێک دەستگیرکراوە و دەیانەوێت حکومەت لێیان ڕوون بکاتەوە کە بە چ هۆکارێک دەستگیرکراوە و بەڵگەکان بخاتەڕوو.

وتیشی، "ئەگەر کوڕەکەم خیانەتی بە کوردستان کردبێت، بەڵێن دەدەم بەدەستی خۆم بیکوژم، بەڵام ئەگەر بێتاوان بوو، دەمانەوێت بەزووترین کات ئازاد بکرێت".

ئەیوب ڕەشید راشیگەیاند، ئەگەرچی پارێزەری بۆ کوڕەکەی گرتووە، بەڵام تەنانەت رێگەش بە پارێزەرەکەی نەدراوە بەڵگەکان ببینێت و هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بزانێت.

دەشڵێت، "لە بنەماڵەکەمان حەوت شەهیدمان هەیە و حەوت کەسمان لەپێناو کوردستان شەهیدبوون، حکومەت تەنانەت رێزی لەو شەهیدانەش نەگرتووە".

ئاشکراشیکرد، تا ئێستا کوڕەکەیان دادگایی نەکراوە و کاتێکیش چوونەتە بەردەم نوسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی لەو ڕێگەوە داوا بکەن کوڕەکەیان ئازادبکرێت، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە بۆ ماوەی شەش کاتژمێر دەستبەسەر کراون.

ئەیوب ڕەشید ئەیوب راشیگەیاند، داوا لە حکومەت و پەرلەمان و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەکەین، تاوانی کوڕەکەم و ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە لە چەند مانگی رابردوودا دەستگیرکراون، دووپاتیشیکردەوە، ئەگەر تاوانبار دەرچوون با بیانکوژن، ئەگەریش بێتاوانن، با ئازادیان بکەن.

رۆژی ١٦ی٢ی٢٠٢١، دادگاییکردنی بەشێك لە گیراوانی بادینان لە دادگای ٢ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادوەر هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید و گوهدار زێباری و هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بەتۆمەتی سیخوڕی بە شەش ساڵ زیندانی سزادا.



ڕیکلام