ئیسرائیل ڕێگریکرد لە حەرەمی ئیبراهیمی لە فەلەستین بانگ بدرێت

  2021-02-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە بیانووی ئاهەنگێڕان بە بۆنەی جەژنی (بۆریم)ی جولەکانەوە لە لایەن دانیشتوانی ئۆردوگا جولەکە نشینەکانەوە لە شارەکە، ئەمڕۆ هەینی حکومەتی ئیسرائیل ڕێگریکردن لە بانگدان لە حەرەمی (ئیبراهیمی) لە شاری خەلیل.

حەفزی ئەبو سنینە بەڕێوەبەر و سەرۆکی حەرەمی ئیبراهیمی ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی داگیرکاری ئیسرائیل ڕێگیریان کرد لە بانگدان لە کاتەکانی نوێژدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بەوان گەیشتووە، ڕێگرییەکە لە شەوی ڕابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا  شەوی شەممە درێژەی دەبێت، کە لەو ماوەیەدا لە هیچ فەرزێک ڕێگە نادرێت بە بانگدان لەو مزگەوتە.

ئەو لێپرسراوە فەلەستینیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێگری و ڕێوشێنە دەستدرێژییەکی رەهایە بۆسەر ئازادی ئایین و پەرستن، کە لە لایەن هەموو ئایینە ئاسمانییەکان و یاساکانی دەوڵەتەوە دەستبەر کراوە و پشتیوانی دەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی وەفای فەلەستین بڵاویکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی ڕێگرییەکەش سوپای ئیسرائیل هێزی خۆی لە دەوروبەری حەرەمی ئیبراهیمی بڵاوە پێکردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتریش دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە بیانووی هێرش و مەترسی ئەمنی ساڵانە چەندین جار ڕێگری دەکات لە ئەنجامدانی نوێژی بەکۆمەڵ لە مزگەوتی ئەقسا، زۆرجاریش ڕێگەدان بە نوێژکردن لەو مزگەوتە بە گوێرەی تەمەن دیاری دەکرێت و دەبێت تەمەنی ئەو کەسەی دەچێت بۆ نوێژکردن لە سەرووی ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵییەوە بێت.



ڕیکلام