عەلی باپیر هەڵوێستی حزبەكەی لەبارەی زیندانیانی بادینان راگەیاند

  2021-02-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، وا باشترە ئەو دادگاییەی زیندانیەكانی بادینان بە شێوەیەكی شەفاف ئەنجام بدرێت لەبەر ئەوەی ناوبانگی قەوارەی هەرێم ناشیرین نەكات.

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەپاندنی سزای شەش ساڵ بەسەر هەر كەسێكدا  ئەگەر بە دادگاییەكی دادپەوەرانە بێت و رۆشنبێت و ئەو كەسە كە سزا دراوە بە كردەوە ئەو تۆمەتەی لەسەریەتی ئەنجامی دابێت ئاساییە. 

ئەو لە دوای كۆنگرەی حزبەكەی لەیەكەم لێدوانیدا لەبارەی سزادانی زیندانیانی بادینان وتیشی: ئەندامەكانی ئێمە دوای چەند ساڵ گیرانی بە ناهەق، كە هاتونەتەدەر لە زیندان بۆیان گێڕاومەتەوە، كە هەبووە بە هەڕەشەكردن، هەبووە گەیاندویانەتە ئاقاری مردن، ئەوكاتە هەرچیەكیان ویستووە پێیان واژۆ كردووە، ئەوەش بەگوێرە شەرع و مەنتیق و یاسا هیچ دروستیەكی نیە، وەكو ئەوەی بیستوومە بیناكردن لەسەر دانپێدانانی بەزۆر بێت هیچ ئیعتبارێكی نیە. 

سەرۆكی كۆمەڵی ئیسلامی وتیشی: ئەوەی پاكە بێباكە، ئەو دادگاییە بۆ ناوبانگی هەرێمی كوردستان و قەوارەی هەرێم واباشترە، كەسێك كە هەڵەیەك دەكات بیهێنن خۆی دان بە تاوانەكەیدا بنێت، رێگەی بدەن خۆی قسە بكات و پارێزەری هەبێت، بەڵام كەسێك كە ئەسلەن نەزانیت چی لێهاتووە و 101 پرسیار لەسەر شێوازی دادگایی كردنەكەی هەبێت بێگومان ناوبانگی قەوارەكەمان دەشێوێنێت. 

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە 16ی شوبات دادگای تاوانی دووی هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج كەس لە زیندانیەكانی بادینان سەپاند، ئەوەش ناڕەزایی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی لێكەوتەوە. 


ڕیکلام