ئەگەر گیراوەکانی بادینان تاوانەكەیان ئەنجام نەدابێت دەبێت ئازاد بكرێن

  2021-02-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێكی داواكاری گشتی رایگەیاند، ئەگەر من سزای دادگایی دەستگیركراوەكانی بادینانم بدایە بەو یاسایەی سزادراون یان زینادنی هەتاهەتاییم بۆ دەبڕینەوە یان ئازادم دەكردن، دەشڵێت ئێستا لە هەرێم دوو بەرە لە نێوان خەڵك لە لایەك و حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری لەلایەك دروست بووە.

فەرهاد حاتەم دادوەری داواكاری گشتی، لە دیدارێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا لەسەر كەیسی سزادانی شەش ساڵ زیندانی كردن بۆ پێنج چالاكوان و ڕۆژنامەوانی بادینان لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێر-ەوە دەڵێت: ئەم كەیسە بەبۆچونی من كۆمەڵێك پرسیار هەڵدەگرێت، دەبێت بزانیین كێ سكاڵای تۆماركردووە؟ چونكە هەموو كەیسێكی تاوانكاری پێویستە كەسەكە سكاڵا تۆمار بكات ئەگەر كەیسەكە تاوان بێت دەرهەق بێت بەمافی گشتی ئەسڵ وایە داواكاری گشتی ئەم كەیسە بجوڵێنێت من نازانم كەیسەكەم نەبینیووە ئایا داواكاری گشتی ئەم كەیسەی جوڵاندووە یاخود نا، دووەم ئایا ئەو ڕێ و شوێنانەی یاسای بنەما دادگەرییەكان دیاریكردووە و ئەو زەمانەتانەی بۆ تۆمەتبار لەكاتی لێكۆڵینەوەی تۆمەتباردا یاسا دیاری كردووە ئایا دەستەبەركراوە. 

ئەو دادوەرەی داواكارەی گشتی ئاماژەی بەوەكرد كە پێشتر دادگای دهۆك هەریەكە لە (بەدەل بەرواری و شڤان بەرۆشكی) كرد لە پێشتردا "بڕیارەكەی هەڵوەشاندنەوە و بڕیارێكی دەتوانم بڵێم نموونەیی بوو زۆر بەجوانی ئەوە شیكراوەتەوە كەئەو كارەی ئەوان كردوویانە ناچێتە چوارچێوەی تاوانەوە بەڵكو دەچێتە چوارچێوەی كاری ڕۆژنامەگەری". 

فەرهاد حاتەم وتیشی"وەكو مەبدەئێكی یاسایی كەسێك تۆمەتباربوو لەكەیسێكدا (ئیفراج) ئازاد كرا تەنها لەیەك حاڵەتدا نەبێت بۆ نموونە ئێمە لەدادگادا بەپێی بنەما دادگەرییەكان ئەگەر كەسێك تۆمەتباربێت لەقۆناغی لێكۆڵینەوە ئازاد بكرێت لەبەر كەمی بەڵگە ئەوە ئازاد دەكرێت بۆ ماوەی دوو ساڵ، لەماوەی ئەو دووساڵە ئەگەر بەڵگەی تر لەسەر هەمان كەیس دوبارە بویەوە ئەو كاتە بەڵگەكان لێك دەدرێتەوە، لەقۆناغی دادگای كردنیشدا بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێك ئازادكرا لەقۆناغی دادگایی كردندا تاساڵێك لێی دەوەستن دوای ساڵەكە بڕیارەكە دەبێت بەبڕیارێكی كۆتایی بەڵام هەست دەكەم خەلەلێك هەیە."

ئەو دادوەرەی داواكاری گشتی روونیشیكردەوە "ئەوەی من بیستم لەم كەیسە ئەوەیە بەپێی یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 كەلەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە ئەمانە سزادراون بەڵام بەسەرنجدان لەناوەڕۆكی ئەو یاسایە هەست دەكەم ئەو سزایە لەجێی خۆی نییە."

ئەو هۆكاری نەگونجاوی سزاكەش رووندەكاتەوە و دەڵێت "ئەو ماددەیە دەڵێت هەركەسێك بەئەنقەست بەهەرشێوەیەك بێت لەكارێكدا تێوەبگلێت بەمەبەستی زیان گەیاندن لەئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان وە ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە واتە لێرە كاتێك كەسێك بەپێی ئەم یاسایە حوكم دەدرێت دەبێت زیانێكی گەیاندبێت بەدامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بۆنموونە بینایەكی تەقاندبێتەوە، كونسوڵخانەیەكی سوتاندبێت، دامودەزگاكانی حكومەتی تێكدابێت نازانم تاچەند ئەم حەقیقەتە ڕوویداوە؟ ئایا ئەمانە چیان كردووە؟ ئەو كارەیان كردووە؟ ئەگەر لەسەریان دیاریكرا ئەگەر ئەم كەسانە تاوانێكیان كردبێت ئەم دەقە بەسەریان جێبەجێ بكرێت ئەوا بەپێچەوانەوە من دەڵێم لەوانەیە خاتر گیرابن لەسزاكە چونكە ئەم ماددەی كە دانراوە سزاكەی هەتا هەتاییەكە دەڵێت سزا دەدرێن بەبەندكردنی هەتا هەتایی، ئەگەر ئەو دەقە بەسەریان جێبەجێنەكرێت دەبێت بگەڕێن و بزانیین ئایا هیچ دەقێكی یاسایی هەیە لەسەر ئەمەی ئەمان یان وەكو پێشتر دادگای تاوانەكانی دهۆك باسی لەوە كردووە ئەمە دەچێتە چوارچێوەی كاری ڕۆژنامەگەرییەوە". 

ئەو داواش دەكات "ئەوەی دادپەروەری زیاتر بەرقەرار بێت بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ و بۆچونی لەسەربێت بەباشی دەزانم دادگای پێداچونەوە خۆی گشتاندنی بكاتە سەر دەستەی گشتی بۆئەوەی هەموو دادوەرەكانی دادگای پێداچونەوە ئەم كەیسە بیبینن دواتر ئەوان بەكۆی دەنگ یان بەزۆرینەی دەنگ بڕیارێكی تێدابدەن بەدڵنیاییەوە ئەو بڕیارە بڕیارێكی دادپەروەرانەش دەبێت بەكۆی دەنگ". 

ئەو پێشیوایە "ئەگەر هیچ كام لەو تاوانانە ڕوینەدابێت بەبڕوای من دەبێت (ئیفراج) ئازاد بكرێن و حەقی ئەوانەش دەبێت داوای قەرەبوو بكەن چارەسەر ئەمەیە چارەسەری ناوەندی نییە".

فەرهاد حاتەم پێشتر سەرۆكی فەرمانگەی گشتی داواكاری سلێمانی بوو راشیگەیاند ئەركی داواكاری گشتی بوو لەو قۆناغە لێپێچینەوە بكات و بەدواداچوون بكات لەسەر ئەوەی كە هەڕەشە یان ئەشكەنجە بەكارهاتووە بۆ دانپێدانان، داواكاری گشتی "دەبێت لێكۆڵینەوە لەوە بكات بزانێت كێن ئەو كەسانەی كەهەڕەشەیان كردووە؟ لەبەرئەوەی ئەمە خۆی بۆی تاوانە چونكە هیچ تۆمەتبارێك نابێت لەژێر تەهدید و زۆر و ئەشكەنجە و بەڵێندا ئیفادەی وەربگیرێت ئەوە ئەركی داواكاری گشتیە كەقبوڵی ئەوە نەكات". 

ئەو دەشڵێت "ئیعتراف بەتەنها بەس نییە بۆ ئیدانەكردنی- حكومدانی تۆمەتبار كاتێك پاشگەزبێتەوە لەبەردەم دادگا لێی، بۆیە ئەمەش خۆی بۆخۆی بابەتێكە ئایا دادگای تاوانی هەولێر ئایا ئەم كەیسەیان بەم ئاراستەیە بینیووە؟ بەم وردییە دیراسەیان كردووە". 

ئەو داواكارە گشتیە دەشڵێت "ئەمڕۆ دووبەرە دروست بووە بەداخەوە، بەرەیەك حكومەت لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری ئەوەتا هەمیشە وەڵام دەدەنەوە و بەیاننامە دەردەكەن وەكو ئەوەی لەسەنگەرێك بن، بەرەیەكیش خەڵك كەئەمە خۆی بۆخۆی مەترسیدارە و دیاردەیەكی نەشازە و دیاردەیەكی نامۆیە لەناو دەسەڵاتی دادوەری، ناكرێت دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ حكومەتدا بەرەیەك بێت". 

ئەو لەبارەی قسەكانی مەسرور بارزانی لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی 10ی شوبات كە دەستگیركراوەكانی بادینانی بە سیخور و هەواڵدان بۆ تیرۆر ناوهێنا ئەو داواكارە گشتیە دەڵێت "كاریگەری دەبێت بەجۆرێك لەجۆرەكان دەستتێوەردانە لەدادگاكان هەرچەندە پێویست نییە دادگا گوێ لەدەستێوەردانەكان بگرێت". 

دادوەری داواكاری گشتی د.فەرهاد حاتەم لەسەر سەرنجە یاساییەكانی بۆ كەیسی پێنج ڕۆژنامەوان و چالاكوانەكەی بادینان زیاتر وتی" پرسیارێكمان لادروست دەبێت ئایا دەركردنی بڕیارێكی پێشووتری دادگای تاوانەكانی دهۆك ئەمە وای نەكردووە ئەم كەیسە لەدەستی دهۆك دەربكرێت و بخرێتە هەولێر بۆ ئەوەی بڕیارەكە بەشێوازێكی تربێت؟ دەتوانیین وابڵێین؟"

ئەو دادوەرە دەشڵێت "ئەگەر من دادوەر بم و ئیسپات بێت كەكەسێك ئەو یاسایەیان (یاسای ژمارە 21) ی بەسەریدا جێبەجێبكەم ناچم شەش ساڵ حكومی بدەم دەچم حوكمی هەتا هەتایی دەدەم چونكە یاساكە وام پێدەڵێت ئەگەر نەشیكردووە پێویستە ئازادی بكەیت، چارەسەری ناوەندی نییە لەیاساكەدا (واتە یا حوكمی هەتا هەتاییە یاخود دەبێت ئازاد بكرێن) ئەو یاسایە ڕوونە". 


ڕیکلام