هەدەپە: رێگەچارەی قەیرانی تورکیا دانوستانەکانی دۆڵمەباخچەیە

  2021-02-28  | 
ئەنکەرە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، تاکە رێگەی چارەسەری قەیرانی تورکیا دانوستاندنەکانی دۆڵمەباخچەیە.

لە راگەیەندراوێکدا کە بەبۆنەی ساڵڕۆژی دانوستانەکانی دۆڵمەباخچە بڵاویکردووتەوە، ناوەندی بەڕێوەبردنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێت، "دانوستانەکانی دۆڵمەباخچە وەکو یەکێک لە گرنگترین هەنگاو چوونە مێژووەوە. ئەو هەنگاوە لەپێناو بەدیهێنانی خەونی دیموکراسی، ئاشتی و ئازادی بۆ کۆمەڵگەی تورکیا بوو، هەروەها لەپێناو زەمینەسازی بوو تاوەکو بە هیواوە سەیری داهاتوو بکرێت، دۆڵمەباخچە ئاشتەوایی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی برایەتی بوو ".

ئاماژەی بەوەشکردووە، " دانوستانی دۆڵمەباخچە دانوستانێک بوو لەنێوان شاندی حکومەت و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەناوی تەواوی چین و توێژەکانی کوردەوە. هەرچەندە ئامانجی لەپێشینەی دانوستانەکان چارەسەری کێشەی کورد بوو کە بووەتە کێشەی بنەڕەتیی تورکیا، دۆڵمەباخچە دەرفەتێکی زۆر گەورەیە بۆ بەدیموکراسیکردنی تورکیا. بەڵام یەکێک لە لایەنەکانی پرسەکە کە ئاکەپەیە، لەپێناو بەرژەوەندیی دەسەڵاتێکی بچووک، نکۆڵی لە بەردەوامیدان بە دۆڵمەباخچە کرد و داهاتووی دیموکراسیی تورکیای کردە ئامانج ".

بە رەخنەگرتن لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا هەدەپە رایگەیاندووە، "قەیرانی ئابووری قووڵتر بووەتەوە. تورکیا لە سوریا، لیبیا و عێراقدا خزێنراوەتە نێو زۆنگاوەوە. لە نێوخۆشدا مافی هەڵبژاردنی خەڵک خراوەتە بەردەم هێرشی تووندەوە. کاری سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن نزیکە لەوەی قەدەغە بکرێت ".

هەر لە راگەیەندراوەکەی ناوەندی بەڕێوەبردنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)دا هاتووە، "دەسەڵات بەهۆی ئەوەی چاوی لە دەستی تێگەیشتنێکی کودەچیانەیە، بووەتە دیل، بەجۆرێک پارتێکی خاوەن 0.23%ی دەنگ بەڕوونی رایگەیاندووە کە وڵات بەڕێوەدەبات. هاوکات هاوبەشە بچووکەکانی پارتی دەسەڵاتدار باس لە داخستنی پارتەکەمان دەکەن کە سێیەم گەورە پارتی تورکیایە ".

پەیماننامەی دۆڵمەباخچە لە ٢٨ ی شوباتی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن دەستەی ئیمرالی و لایەنگرانی حکومەتەوە ڕاگەیەندراوە کە تێیدا جەخت لە هێنانەکایەی ئاشتی و ئازادی و دیموکراتی بۆ گەلانی تورکیا کرابوو، هەندێک لایەن پێیانوایە کە دانوستانەکە لە نێوان پارتی دەسەڵاتدار، داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئەکەپە) و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) یاخود تەنها لە نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و ئاکپارتیدا بووە.



 



ڕیکلام