مەزڵوم عەبدی: کلیلی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکوری کوردستانە

  2021-03-01  | 
رۆژئاوای کوردستان
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، کلیلی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکوری کوردستانە و بەبێ ڕەچاوکردنی کێشەی کورد لە باکوری کوردستان، چارەسەرکردنی پـرسی کورد لە پارچەکانی دیکە قورسە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، "ئەوە ڕاستییەکە کە هەر چوار پارچەی کوردستان پـێکەوە گرێدراون، بە تایبەتی لە پـرسی کورددا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بزوتنەوەی سیاسی لە باکوری کوردستان لە تورکیا کاریگەری گەورەی لەسەر پارچەکانی دیکە هەیە، بۆیە بەبێ چارەسەرکردنی پـرسی کورد لە باکوری کوردستان، چارەسەرکردنی پـرسی کورد لە پارچەکانی دیکە قورسە.

دەشڵێت، "ئێمە وایدەبینین کە چارەسەرکردنی پـرسی ڕۆژئاوای کوردستان گرێدراوە بە چارەسەرکردنی پـرسی کورد لە باکوری کوردستان. بە تایبەتی ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئوجەلان لە بەردەمدایە و کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان و بە تایبەتی ڕۆژئاوا، بۆیە ئەوە باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا".

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، مەزڵوم عەبدی رایگەیاندووە، "پـێشتر و ئێستاش دەیڵێینەوە ئێمە هەڕەشە نین بۆ سەر تورکیا و تورکەکانیش ئەوە لە ئێمە باشتر دەزانن. بەڵکو بە پـێچەوانەوە تورکیا هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی ئێمە و داگیری کردووە و خەڵکی ئێمەی ئاوارەکردووە، ئێمە بۆ جارێکیش هێرشمان نەکردووەتە سەر تورکیا".

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرەڕای هێرشەکانی تورکیا، سیاسەتی ئەوان بەرامبەر ئەو وڵاتە نەگۆڕاوە، وتیشی، "ئەو شەڕەی تورکیا لەگەڵ هێزێکی کوردستانی هەیەتی ئێمە لایەنێک نین تیایدا، ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆ کێشەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا چارەسەربکرێن و ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەتوانێت لێرەدا ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت و ئێمەش لای خۆمانەوە ئامادەین".

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) راشیگەیاندووە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندی باشیان هەیە، نەک تەنها پەیوەندی سیاسی، بەڵکو پەیوەندی بازرگانیشیان هەیە.

دەشڵێت، "هەرێم دەروازەی ئێمەیە بە ڕووی دەرەوە، ئێمە دەخوازین هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت و دەتوانێت لە هەموو بوارێکدا پشتگێری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکات، لەوانە سیاسی و بازرگانی، بەهۆی ئەوەی کە ئەوان خاوەنی ئەزمون و سەرچاوەن . "

جەختی لەوەشکردەوە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شەڕ لە نێوان کورددا ڕووبدات، دەیەوێت شەڕ لە نێوان هەرێمی کوردستان و هێزەکانی باکوری کوردستان ڕووبدات، ئەوەی کە تاوەکو ئێستا شەڕ لەگەڵ هێزەکانی پـێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕووی نەداوە، جێی خۆشحاڵیـیە.

مەزڵوم عەبدی هیواشی خواست، هەرێمی کوردستان پەیوەندی پتەوی هەبێت لەگەڵ هەموو پارچەکانی کوردستاندا، بە تایبەتی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان.



ڕیکلام