ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە هەرێمی کوردستان

  2021-03-02  | 
هەولێر
ڤاکسینی سینۆفارمی چینی گەیشتە هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەیوب ساڵح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، کاتژمێر 4:30 ئەمڕۆ ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 4:30 ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی٣ی٢٠٢١، لە دەروازەی هەولێر نزیگ بازگەی شێراوە، لەلایەن وەزیری تەندروستییەوە یەکەم کاروانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وەرگیراوە و پێشوازی لە تیمەكە کراوە.

پاش گەیشتنی کاروانەکەش، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سوپاسی حکومەتی چینی کرد بۆ ناردنی ئەو ڤاکسینە و رایگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی کونسوڵی گشتیی کۆماری چین لە هەرێمی کوردستان 5000 دۆز ڤاکسینیان بو یەکەمجار وەرگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەم کاروانە، لە چەند ساڵی رابردووشدا حکومەتی چین چەندین جار هاوکاری پزیشیکی پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە.

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڤاكسینی سینۆفارمی چینی گەیشتە بەغدا، پشكی شارەكان جیاكرایەوە و هەر ئەمڕۆش 2100 ڤاکسین رەوانەی شاری کەرکوک کرا.

پێشتر نەبیل حەمدی، بەرێوبەری فەرمانگەی گشتی تەندروستی كەركوك، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاندبوو، بڕیارە ئێوارەی ئەمرۆ 2100 ڤاكسین وەك بەشی كەركوك رەوانەی نەخۆشخانەكان بكرێت.

ئاماژی بەوەشکرد، بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق سەرەتا پشكی یەكەم لە وەرگرتنی ئەو ڤاكسینە بۆ كارمەندان و پزیشكان و فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستی شارەكە دەبێت، لە دوای كەرتی تەندروستی ڤاكسینەكە دەدرێتە چین و توێژەكانی دیكە.


ڕیکلام