کەسوکاری هاریوان عیسا: دانپێدانانی کوڕەکەمان لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەدا بووە، رەتیدەکەینەوە

  2021-03-04  | 
دهۆک
هاریوان عیسا یەکێک لە سزادراوانی بادینان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەسوکاری هاریوان عیسا رایانگەیاند، دانپێدانانی کوڕەکەیان لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەدا بووە و ئەوان بەهەموو شێوەیەک ئەو دانپێدانە رەتدەکەنەوە کە ئەمڕۆ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، سەعید عیسا برای هاریوان عیسا رایگەیاند، پێشتر دەستگیرکراوانی بادینان ئەو دانپێدانانەیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندبوو کە لەژێر هەڕەشە و ئەشکەنجەداندا ئەو کارەیان پێکراوە.

وتیشی، پێشتر لە دادگا هاریوان بە سیخوڕ و تێکدەر تۆمەتبارکراوە بەڵام وەک لە دانپێدانەکەدا دەرکەوت، هاریوان ئاماژەی بەوەکرد کە بەشداری لە هیچ خۆپیشاندانێکدا نەکردووە و هیچ بەڵگەیەکیش بۆ سیخوڕی بوونی هاریوان نەخرایەڕوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، سێ رۆژ پێش ئەوەی دادگا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر هاریوان و هاوڕێکانیدا بسەپێنێت، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاریوان ئەنجامداوە و بۆی دەرکەوتووە کە دۆخی ئاسایی نییە و ئەشکەنجە دراوە.

هاوکات دایکی هاریوان بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، ئەمڕۆ کاتێک ئەو گرتەڤیدیۆیەی بینیوە کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، هەستێکی زۆر خراپی هەبووە، وتیشی، ئەو دانپێدانانە دانپێدانانێکی زۆر ئاسایی بووە و هیچ ئاماژەیەکی تێدا نەبووە کە پیشانی بدات، کوڕەکەیان تاوانبارە.

راشیگەیاند، داوا لە دادگای پێداچوونەوە و لایەن پەیوەندیدارەکان دەکەن، بە بڕیارەکەیان بچنەوە و سزای سەر هاریوان و هاوڕێکانی سووک بکەن.

لای خۆشیەوە باوکی هاریوان عیسا رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت کۆڕەکەیان سیخوڕە و تاوانێکی ئەنجام دابێت.

وتیشی، هەتا ئەو ڕۆژەی کوڕەکەی دەستگیرکراوە، ئاگاداری دۆخی کوڕەکەی بووە و زانیویەتی چی دەکات و چ ناکات.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی٣ی٢٠٢١، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە گرتەڤیدیۆیەکی تۆمارکراودا، دانپێدانانی دەستگیرکراوانی بادینانی بڵاوکردەوە کە ئەو بە "تۆڕێکی سیخوڕی" ناوی بردوون.

دواتر سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو دانپێدانانە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، بەهیچ جۆرێک ئاگاداری ئه‌و راپۆرت و دانپێدانانه‌ نین كه‌ به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشەوە بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

ئاماژەیان بەوەشکرد، "هه‌ر بڵاوكراوه‌یه‌ك به‌ بێ ئاگاداریی ئێمه‌ و بێ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، سیفه‌تی فه‌رمیبوون وه‌رناگرێت و نوێنه‌رایه‌تی بڵاوكراوه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ناكات".

رۆژی سێشەممە ١٦ی٢ی٢٠٢١، دادگاییکردنی بەشێك لە گیراوانی بادینان لە دادگای (۲)ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادوەر هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانی حکومدا.

چەند رۆژ پێش دادگاییکردنەکە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئەو پێنج کەسەی بە "تۆڕێکی سیخوڕی" لەقەڵەمدا و رایگەیاند، پەیوەندییان بە وڵاتێکی بیانییەوە هەبووە و کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە، ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیەی کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە وەک دانپێدانان بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە دەستگیرکراوەکان تەنها پەیوەندیان بە چەند کادیرێکی پەکەکەوە بووە و وێنەیان لەگەڵدا گرتوون.


ڕیکلام