سۆرانی  |  بادینی  |  English      

نوری مالیكی: بە بێ رێككەوتنی پێشوەختە دەنگ لەسەر بودجە نادرێت

  2021-03-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بەبێ رێككەوتنی پێشوەخت پشكی هەرێم لەپڕۆژە یاسای بودجەدا دەنگی لەسەر نادرێت.

نوری مالیكی، لەبارەی یاسای بودجەی 2021وە رایگەیاند، پرسی هەرێمی كوردستان پرسی ماف نییە، چونكە هەرێمی كوردستان تا ئێستا نەوتەكەی خۆی لەرێگای بەغداوە نەفرۆشتووە. 

ئەو ئاماژەی بەوەكرد لە نێوان هەرێم و بەغدا زۆر كێشە هەیە وتیشی: باوەڕناكەم بەبێ رێككەوتنی پێشوەخت پشكی هەرێم لەپڕۆژەیاسای بودجەدا دەنگی لەسەر بدرێت، بەشێك لە پەرلەمانتاران پێیان وتووم، ئەوان رەتی دەكەنەوە بودجە پەسەند بكرێت، ئەگەر ژمارەی ئەو بەرمیلە نەوتە دیاری نەكرێت كە پێویستە هەرێم بینێرێت بۆ بەغدا. 

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتیشی، لە ساڵانی رابردوودا هەرێم هیچ بڕە نەوتێكی لە رێگای بەغداوە نەناردووە، هەر بۆیە ناتوانێت داوای هیچ مافێك بكات وەك شایستەی دارایی ساڵانی رابردوو.

ماوەیەكە لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق راپۆرتی كۆتایی خۆی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، بەڵام بەهۆی بوونی ناكۆكی و رێكنەكەوتن تا ئێستا پڕۆژەكە لە هۆڵی پەرلەمان گفتوگۆی نەكراوە. 

بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە سەرەتایەی هەرێم لەگەڵ بەغدا كردوویەتی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق 12.67% دەبێت، بەڵام ئەو رێككەوتنە تەنها رێككەوتنی سەرەتایی بووە