بەشیر حەداد: دەبێت بەگوێرەی دەستور هەموار لە پرۆژە یاسای بودجەدا بکرێت

  2021-03-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجە یاسایەکی گرنگە، بۆیە هەر هەموارێکی بکرێت، دەبێت بەگوێرەی دەستور بێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجامداراوە لەگەڵ سەرۆکی قەوارە سیاسییەکان، بۆ تاوتوێکردنی دوا قۆناغەکانی پێداچوونەوەی فراوان بۆ هەردوو  پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢١ و یاسای دادگای فیدراڵی.

لە بەیاننامەیەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە پەسەندکردنی بودجە بەشێوەیەکی دادپەورەدانە بێت و خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی بکات بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.

ڕوونیشیکردەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆکایەتی پەرلەمان گۆفتوگۆ دەکات لەگەڵ قەوارە سیاسییەکان، بۆ خستنەڕووی پێشنیاز و هەموارەکان لەسەر ئەو مادانەی پڕۆژە یاسای بودجە، بۆ ئەوەی دواتر دەست بە ڕێوشوێنەکانی یاسایی بکرێت.

داواشی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان کرد، وێنەی کۆتایی پڕۆژە یاساکە ڕادەستی هەموو قەوارە سیاسییەکان بکات، بۆ ئەوەی ئاگاداری بن و وادەیەک دیاری بکرێت بۆ پەسەندکردنی لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا.

بەهۆی ناکۆکی زۆری قەوارە سیاسییەکان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی، تا ئێستا دەیان کۆبوونەوە لەسەر پڕۆژە یاساکە کراوە، بەڵام تا ئێستاش نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە وادەیەکی بۆ دیاریکرێت بۆ پەسەندکردنی.

دوێنێ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم مادەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ تەواو بووە.

پڕۆژە یاساکە لەسەر بنەمای نرخی ٤٢ دۆلار بۆ بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، کە ڕۆژانە عێراق بڕی ٣ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار بەرمیل هەناردەی دەرەوە بکات، کە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت .

پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەگوێرەی ئەو ڕەشنووسەی کە دزەی پێکراوە، زیاترە لە ١٥٠ تریلۆن دینار، بە واتای زیاترە لە ١٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی، بڕی کورتهێنانیش تیایدا گەیشتووەتە ٥٨ تریلیۆن دینار، بە واتای زیاترە لە دوو لەسەر سێی بودجەکە، زۆربەی بودجەکەش لەژێر ناوی خەرجییەکانی بەکار بردن تەرخانکراوە، کە پێکهاتووە لە موچە و بودجەی فەرمانگە حکومییەکانی دەوڵەتی عێراقی.



ڕیکلام