پرسی سزادانی رۆژنامەنووسانی بادینان گەیشتە پەرلەمانی سوید

  2021-03-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئامینە کاکەباوە پەرلەمانتاری سویدی بە ڕەچەڵەک کورد پرسی دەستگیرکردن و سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینانی لەناو پەرلەمانی سوید باس کرد و ڕایگەیاند حکومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی 26 رۆژنامەنوس و چالاکی زیندانی کردوە.

ئامینە کاکەباوە لەکاتی وتەکانیدا وێنەی رۆژنامەنوس و چالاکوانە دەستگیرکراوەکانیشی بەرزکردوە و ڕایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار خۆپیشاندانی ئاشتیانە و دەربڕینی ئازادی بیروڕای سەرکوت کرد و ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگریش فڕێندراوون و دواتر تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی رۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان بەهۆی رەخنە گرتن لە حکومەت زیندانیکراون و سزادراون، بەتایبەت شێروان شێروانی .

ئامینەکاکەباوە لەبارەی شێروان شێروانیەوە لە پەرلەمانی سوید وتی شێروان خاوەنی پێنج منداڵە و زیاتر لە شەش مانگە بەبێ دادگایکردن زیندانیکراوە، بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی جیهان قسەیان لەسەر دۆسیەکی کردوە،بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسیە بەکارهێنانی یاساکانی سەردەمی سەدامە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی رەخنە دەگرن بەتایبەت مادەی 156 ی سزادانی عێراقی.

ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند ئەم بابەتە نەک هەر بۆ من بەڵکو بۆ بەشێكی زۆر لە کوردانیش جێگەی سەرنجە،چونکە ئەوان دەیان ساڵ بۆ ئازادی شەڕیان کردوە.

ئامینە کاکەباوە داواشیکرد حکومەتی سوید کاربکات بۆ ڕازیکردنی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێزگرتن لە ئازادییەکان و ئازادکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان.


ڕیکلام