سۆرانی  |  بادینی  |  English      

لەستۆكهۆڵم 70%ی جوملە فرۆشەكان خۆراكی بەسەرچوو خراپ دەفرۆشن

  2021-03-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید لە ئەنجامی پشكنین بۆ 23 شوێنی جوملەفرۆش (كۆفرۆش) لە ساڵی 2020دا حكومەت 16 دانەیانی سزاداوە و 10 شوێنیش پێبژاردنیان بۆكراوە.

بەشی كوردی رایۆدی سوید بڵاویكردەوە 70%ی ئەو جوملەفرۆشانەی لە ئۆشتەی شاری ستۆكهۆڵم پشكنینیان بۆكراوە، دەركەتووە فرتوفێڵیان كردووە و خۆراكی بەسەرچوو و كەرەستەی دزراویان فرۆشتووە، خۆراكیان لە هەندێك كۆمپانیا كڕیوە كە رێپێدراو نەبوون. 

كاترینا لوهر، بەرپرسی دەستەی ژینگە لە ستۆكهۆڵم، رایگەیاند: ماوەی چەند ساڵێكە سەرنجی زیاتر دەخەینە سەر فرتوفێل و ساختەكاری كە ماسی تونە و چەرەزات و بادەم و گوێزی زۆر كۆن دەفرۆشرێت. 

ئەو وتیشی: مەبەستمانە ئابوری رەش بەیەكجاری بنبڕبكەین، بەڵام كێشەی ئەوەمان هەیە كە كەرەستەی تەواومان لەبەردەست نیە و ئەوانەش بە تاوانی گەورە لەقەڵەمنادرێن. 

 رادیۆكە بڵاویكردەوە لە ساڵی 2019دا نزیكەی نۆ ملیار كرۆن زیانی بە ئابوری سوید گەیاندووە، ئەو قەبارە گەورەیەی كەرەستەی ماوە بەسەرچوو زیان بە تەندروستی هاوڵاتیان دەگەینێت. 

رادیۆكە ئاشكراشیكردووە لە نێو ئەو كەرەستانەی دەستی بەسەداگیراوە، ماوەی بەسەرچوونی خۆراك سێ تا چوار ساڵ درێژكردووەتەوە، یان خۆراكی كۆنیان  فرۆشتووە، پاكوخاوێنی ڕەچاونەكراوە.