ڕۆژنامەی فاینانشڵ تایمز بڵاویکردەوە، بڕیارە بەرپرسانی ئەمەریکا و چین لەئاستی باڵا لە ئەلاسکا کۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا بەروار و شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.
ڕۆژنامەکە باسی وردەکاری یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان چین و ئەمریکا دەکات و تێیایدا هاتووە، کۆبوونەوەکە لە ئاستێکی بەرزدا دەبێت، دەشڵێت، دانوستانەکان لەوانەیە ببێتەهۆی کۆبوونەوەی نێوان ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا جەیک سولیڤان و هاوتا چینیەکانیان وانگ یی و یانگ گێش.
دوو سەرچاوە بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، یەک بژاردە هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە ئەلاسکا کۆبوونەوەکە ئەنجامبدرێت.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، گفتوگۆی نێوان هەردوولا بەردەوامە و تائێستا نەگەیشتوونەتە بڕیارێک لەسەر بەروار یان شوێنی کۆبوونەوەکە.
فاینانشڵ تایمز ئاشکراشیکردووە، هەر دیدارێک لە نێوان بەرپرسانی واشنتن و پەکین -دا پەرەسەندنێکی گرنگە، دوای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هەڵوێستی توندی سەبارەت بەچین گرتەبەر و بەڵێنیدا سنورێک دابنێت بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە سەرکوتکردنی مسوڵمانانی ئیگۆر لە پارێزگای شینگیانگ کە ئەمریکا بە "جینۆساید" وەسفیکردووە .