سۆرانی  |  بادینی  |  English      

"هەرێم دەتوانێت هەموو مانگێك موچە بەبێ لێبڕین دابەشبكات"

  2021-03-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێم دەتوانێت موچە بەبێ لێبڕین دابەشبكات، بەڵام حكومەت تا ئێستا لەبارەی بەرزبوونەوەی داهاتەكان هیچ زانیاریەكی پێنەداون.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند، حكومەت هیچ زانیارییەكی پێنەداوین لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئێستا داهاتی مانگانەی هەرێم چەندە. 

هەرچەندە نرخی نەوت لە ئێستادا لە بازاڕەكانی جیهاندا لە ئاستێكی بەرزدایە، بەڵام حكومەتی هەرێم بەردەوامە لەسەر لێبڕینی موچە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتیشی: حكومەت دەتوانێت بە بێ لێبڕین موچە دابەشبكات، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و نادادییەوە بە بێ لێبرین دابەشی ناكات.

لە ماوەی رابردوودا بانكی ناوەندی عێراقی بڕیاریدا دۆلار لە بازاڕدا بەرامبەر دیناری عێراقی نزیكەی 20% نرخەكەی بەرزبكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت كورتهێنانی بودجە كەمبكاتەوە، ئەوەش ئاسانكاریەكی گەورەی كرد بۆ حكومەتی هەرێم تا بتوانێت داهاتی نەوت كە بەدۆلارە لە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەراندا بەكار بهێنێتەوە.  

بەهرۆز جەعفەر، شارەزای بواری وزە لەو بارەیەوە بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان دەتوانێت موچە بە بێ لێبڕین دابەشبكات، چونكە نرخی نەوت و دۆلاریش بەرزبۆتەوە.

حكومەتی هەرێم ساڵی ڕابردوو، موچەی مانگی شوباتی بە لێبڕینی 21٪ەوە دابەشكرد، پێشتریش حكومەت و بەشێك لە حزبەكان جەختیان كردەوە لێبرێنەكە بۆ یەك مانگە، بەڵام  سەڕەرای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەهای دۆلار، زیاتر لە ساڵێكە موچە بە لێبڕینەوە دابەشدەكرێت و حكومەت ئامادە نییە لێبڕینەكە كۆتایی پێبێنێت.

ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، هەركاتێك نەوت بگاتە 70 دۆلار ئەوە هەرێم هیچ پێویستی بە ‌بەغدا نامێنێت، كەواتە بەگوێرەی داتای حكومەتی هەرێم، ئێستا گەیشتووینەتە‌ ئەو ئاستەی‌ كە ‌پێویستیمان بە بەغدا نەبێت.