وەزیری پێشمەرگە: بەم نزیکانە کێشەی موچەی لیواکان چارەسەردەبێت

  2021-03-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لە هەوڵەکانیان بەردەوامن و لەئایندەیەکی نزیکدا کێشەی موچەی لیواکان چارەسەردەبێت.

لەپەیامێکدا بەبۆنەی سەریساڵی کوردی و نەورۆزەوە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم دەڵێت بەباشی لە خراپی بارو گوزەرانی ئێوە تێدەگەم، نیگەرانبووین لە دۆخی دواکەوتنی مووچەکانتان، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە، لەهەوڵەکانمان نەوەستاوین و لە ئایندەیەکی نزیکدا چارەسەر دەبێت .

ڕاشیگەیاندوە چۆن لەرابردوو، پێشمەرگە پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، ئێستاش بەئەرکی نیشتمانیانەی خۆی و بە گیانی نەبەزی و دلێرانەی بۆ سەلامەتی و پاراستنی خەڵکی کوردستان و سەرکەوتن بەسەر کێشە و لەمپەڕەکان، بەردەوام سازو ئامادەیی هەیە .

وەزیری پێشمەرگە ڕاشیگەیاندوە نەورۆز، کە تاکە بۆنەی نەتەوەیی یە بە بێ جیاوازی بۆتە کۆکەرەوەی هەمووان و رەمزی ئازایەتی و کۆڵنەدان و نەبەردیە، با بەهەمان روحیەتەوە رووبەڕووی ئاستەنگ و گرفتەکان ببینەوە و لەو رێگەیەشەوە، دەسکەوت و ئەزموونەکەمان بپارێزین.

ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی دوومانگە هەر چواردە لیوا هاوبەشەکەی وەزارەتی پێشمەرگە موچەیان وەرنەگرتووە،ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی ئەمریکا بڕیاریدا سێ موچەی لیواکان بەبێ لێبڕین دابەشبکات،بەڵام بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە هەتا ئێستا ئەمریکا پارەکەی نەناردوە.


ڕیکلام