بودجەی ٢٠٢١ عێراق پەسەند کرا

  2021-03-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانی عێراق ئەمشەو بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسەند کرد.

پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان کۆی گشتیی بودجەی بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسندکرد. 

لە دانیشتنی ئەمشەویدا کە تایبەت بوو بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان کۆی گشتیی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد. 

د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بەدەستمان گەیشتووە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بۆ ١٣.٩% زیادکراوە.

پێشتر پشکی هەرێمی کوردستان بە ١٢.٦٧% لە بودجەی گشتیی عێراق دیاریکرابوو،  بەم شێوەیە ٩.٥ ترلیۆن دینارەکە زیاد دەبێت بۆ نزیکەی ١١ ترلیۆن دینار.

هاوکات، لە درێژەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق، دەنگدرا لەسەر ئەو مادەیەی کە تایبەتە بە گواستنەوەی راژەی تێکرای فەرمانبەری فەرمانگە فیدرالییەکان بۆسەر حکومەتی فیدراڵیی عێراق.

پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی پلە وەزیفیو پسپۆڕییە داراییەکان لە خشتەی هێزی کاری ھەرێمی کوردستان لە فەرمانگەکانی (رەگەزنامە و باری شارستانی و بەنداوەکان و کەشوهەوا)بگوێزێتەوە بۆ سەر فەرمانگە بنەڕەتیەکانی.

بودجەی گشتی عێراق، لە ١٦٤ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و لیژنەی دارایی ٤٠ کۆبوونەوە و ٤٥٠ میوانداری تایبەت بەو بودجەیەی رێکخستووە و توانراوە بودجەکە کەمبکرێتەوە بۆ ١٣٠ ترلیۆن دینار و بڕی کورتهێنانیش بگەیەندرێتە ٢٨ تا ٢٩ ترلیۆن دینار و هەروەها خەرجی حکومەت کەمکراوەتەوە و پشکی وەبەرهێنان زیاد کراوە.









ڕیکلام